Accessibility links

ڕێکخراوی ئەمنستی: هێزە عێراقیـیەکان تاوانیان لە شاری توزخورماتوو کردووە


ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ هێزەکانی عێراق تاوانباردەکات بەوەی لە شاری توزخورماتوو هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی سیڤیلی کورد بە شێوەیەکی هەڕەمەکییانە و ئاگریان لە شوێنان بەرداوە و تاڵانیان کردووە.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا ڕایگەیاند هێزەکانی عێراق لە هێرشەکەی ڕۆژی 16 ی مانگی دە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی توزخورماتوو، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە لایەنی کەم 11 کەسی سیڤیلیان کوشتووە و بە سەدان ماڵ و موڵکی خەڵکیان بە تاڵان بردووە و سووتاندووە و وێرانکردووە.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت ڕووداوەکان نیشانی دەدەن گەڕەکە زۆرینە کوردەکانی شارەکە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج.

لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەڵێت" لە ماوەی چەند کاژمێرێکدا ژیانی ژمارەیەکی بێ‌شوماری پـیاو و ژن و منداڵی توزخورماتوو تێـکدرا. هەزاران کەس ماڵ و فرۆشگا و هەرچیەکیان هەبوو لەدەستیان دا."

گوتیشی ئەو خەڵکە لێقەوماوە ئێستا لە کەمپەکانی ئاوارەیـیدان و پـرسیار دەکەن ئایا ڕۆژێک دەبێت بتوانن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەتای 16 ی مانگی دەوە نزیکەی 35 هەزار کەسی سیڤیل لە توزخورماتوو هەڵهاتوون.

مەعلوف گوتیشی هێزە عێراقیـیەکان گوتوویانە چاوپـۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن هێرشبکاتە سەر خەڵکی سیڤیل و هەر کەسێک تاوانی لەو جۆرە بکات دەدرێتە دادگا. گوتیشی پـێویستە ئێستا هێزە عێراقیەکان ئەو بەڵێنەیان ببەنەسەر و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە بارەی ئەو پـێشێلکاریـیانە بکەن، وە پاشان ئەو خەڵکە لێقەوماوە بە تەواوی قەرەبوو بکرێنەوە و ئەوانەشی لەو تاوانانە بەرپرسیارن سزابدرێن.

بەپـێی ڕێکخراوەکە لە 18 بۆ 23 ی مانگی دە چاوپـێکەوتنی لەگەڵ 42 ئاوارەی توزخورماتوو کردووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر وێنەی سەتەلایتی شارەکە و وێنە و ڤیدیۆی خەڵکی کردووە و تیایاندا ئەو زیانانە نیشان دەدرێن کە بەر ماڵ و حاڵی خەڵکی کەوتوون.

XS
SM
MD
LG