Accessibility links

لافاوەکەی تورکیا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 27 کەس


گیان لەدەستدانەکان بەهۆی لافاوەکەی تورکیاوە گەیشتە 27 کەس لەکاتێکدا سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەنیازە سەردانی یەکێک لەو ناوچانە بکات کە لافاوەکە گرتوویەتیەوە و پشتیوانی خۆی دەرببڕێت.

لافاوەکەی ناوچەکانی باکووری دەریای ڕەشی تورکیا دوای ئەوە هات سەدان ئاگر لەو ناوچانەدا کەوتنەوە و بوونە هۆی گیان لەدەستدانی هەشت کەس و سوتاندنی ژمارەیەکی زۆر لە دارستانەکان بەدرێژایی کەنار دەریای باشووری وڵاتەکە.

مانگی ڕابردوو تورکیا ڕووبەڕووی لافاوێکی دیکەش بۆوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی ڕیزێ کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی شەش کەس.

زانایانی جیهان باوەڕییان وایە ئەو جۆرە کارەساتە سروشتیانەی ڕووبەڕووی تورکیا بوونەتەوە زیاتر دەبن و دووبارە دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەش و هەواوە.

ئەم کارەساتە سروشتیانە کێشەیەکی گەورەش ڕووبەڕووی ئەردۆغان دەکەنەوە کە دوو ساڵی تر هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەردۆغان ڕەخنەیەکی توندی لێگیرا لەسەر ئەوەی غەمسارد بووە لەکاتێکدا ئاگرکەوتنەوەکان لەو وڵاتەدا لە مانگی حەوتدا زۆر بەخێرایی پەرەیان دەسەند.

تاوەکو ئێستاش ئەردۆغان شتێکی کەمی سەبارەت بە لافاوەکە وتووە.

شەوی پێنجشەممە ئەردۆگان وتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەس و کاری ئەو 17 هاونیشتیمانیە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە." لەو کاتەدا تەنها 17 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستدابوو.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG