Accessibility links

کەشتییەکی جەنگی تورکیا لە ئیسڕائیل لەنگەر دەگرێت


بۆ یەکەمین جار دوای زیاتر لە 10 ساڵ کەشتییەکی جەنگی تورکیا لە ئیسڕائیل لەنگەری گرت، ئەمەش دوای هەوڵەکان بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ناکۆکییەکی توندییان هەبووە لەسەر پرسی فەڵەستینییەکان.

کەشتی جەنگی کیمالریس ڕۆژی شەممە وەکو بەشێک لە مانۆڕەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە دەریای ناوەند لە حەیفای ئیسڕائیل لەنگەری گرت. بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی ئەنکەرە داوایەکی سەرەتایی لە ئیسڕائیل کردووە تاوەکو مۆڵەت بدات تیمەکەی کەشتییەکە لە کەناراوەکە داببەزن.

بەرپرسێکی بەندەری حەیفا وتی لە ساڵی 2010 ەوە ئەمە یەکەمین جارە کەشتییەکی هێزی دەریایی تورکیا سەردانی بەندەرەکە بکات، لە ساڵی 2010 دا پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا تێکچوون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل هەڵیانکوتایە سەر کاروانێکی یارمەتییەکان کە بەنیاز بووە گەمارۆکەی سەر کەرتی غەزە بشکێنێت و یارمەتییەکان بگەیەنێت بە فەڵەستینییەکانی غەزە.

لەو ڕووداوەدا 10 هاوڵاتی تورک لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژران.

لەلای خۆشییەوە ئیسڕائیل ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی تورکیا میوانداری ئەندامانی حەماسی کردووە. حەماس بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە و کەرتی غەزە بەڕێوە دەبات و لەلایەن ڕۆژئاواوە بە گروپێکی تیرۆریست ناسێندراوە.

بەڵام لەم چەند مانگەی ڕابردوودا دوو وڵاتەکە هەوڵی باشکردنەوەی پەیوەندییەکانیان داوە، لەکاتێکدا کە بابەتی وزە بوارێکی سەرەکی ئەگەری هاریکارییەکانی نێوانیانە. پێشبینیش دەکرێت بەمزووانە باڵیۆزەکانیان دەست بەکارەکانیان بکەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG