Accessibility links

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە


بازاڕەکانی دراو لە ئاسیا و ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە جموجۆڵێکی جیاوازیان تێکەوت، بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بۆ ئاستێکی بێ پـێشینە، ئەویش 100 دۆلاری ئەمەریکایی بەرامبەر بە 724 لیرەی تورکی.

بەڵام دواتر برائەت ئەلبەیرەق وەزیری خەزێنە و دارای تورکیا لەگەڵ بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند ڕێوشوێنی پـێویست دەگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانیـیەکان لە بازاڕەکانی دراو، ئەوانەی بوونەتە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە، ئەمەش وەهای کرد 100 دۆلار ببێتەوە بە 685 لیرە.

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە وتارێکیدا بۆ باڵیۆزانی وڵاتەکەی لە ئەنکەرە گوتی هیچ هۆکاری ئابوری نیـیە بۆ دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەی، بەڵکو ئەمە بەشێکە لە پـیلانگێڕیـیەکانی دژی تورکیا کە بە گوتەی خۆی لە خۆپـیشاندانەکانی ساڵی 2013 ی مەیدانی تەقسیمەوە دەسـتیانپـێکردووە.

پاشان ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد کە فەرمانی کرد گومرگی سەر ئاسن و ئەلمنیۆمی تورکیا دوو هێندە بکرێت.

ئەردوغان گوتی" ناکرێت کەسێک لە شەو و ڕۆژێکدا بڵێت ئەوا گومرگم خستە سەر ئەلمنیۆم و ئاسن، چونکە وڵاتان بۆ مەودای درێژدەم پـلان دادەنێن، بۆیە کە هەنگاوی لەو جۆرە دەنێن متمانە لە ئابوری جیهاندا نامێنێت."

گوتیشی ئەمەریکا خۆی بە هاوپەیمانی تورکیا ناودێردەکات، بەڵام هەنگاوی پـێچەوانە دەنێت، بۆیە ئەمە بۆ ئەنکەرە جێی قبوڵ نیـیە.

جەختی لەوەش کرد ئەوان لە ناو تورکیا ڕێوشوێنی پـێوست دەگرنەبەر بۆ دانانی سنوورێک بۆ دابەزینی بەهای لیرە، وە هەر کەسێک بە گوتەی خۆی کار بە ئاڕاستەی شکاندنی لیرە بکات، ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

لە لایەکی دیکە وەزیری خەزێنە و دارایی تورکیا سوپاسی پیتەر ئەلتمایەر وەزیری ئابوری ئەڵمانیای کرد پاش ئەوەی ڕەخنەی گرتبوو لە زیادکردنی گومرگی سەر ئەلمنیۆم و ئاسنی تورکیا لە لایەن ئەمەریکاوە.

بەرائەت ئەلبەیرەق گوتی ئەم داکۆکیـیە دیپـلۆماسـیە متمانەی تورکیا بە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا زیاتردەکات.

وەزیری ئابوری ئەڵمانیا گوتبوی سیاسەتەکانی سزادان و سەپاندنی گومرگ، ئەوانەی لە لایەن دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا پیادە دەکرێن، دەبنە مایەی نەهێشتنی کار و گەشەی ئابوری، وە ئەوروپا ملکەچی فشارەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران نابێت.

XS
SM
MD
LG