Accessibility links

لیرەی تورکی زیاتر دەشکێت


هەتا دێت و لیرە تورکی هێندەی دیکە دەشکێت، ئەمەش لە ئاکامی زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ناکۆکی لەسەر، لەوانە کەیسی قەشە ئەندرۆ برەنسن کە نزیکەی دوو ساڵە لە تورکیا دەستگیرکراوە.

بەپـێی تۆماری بازاڕەکانی دراو، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 100 دۆلاری ئەمەریکایی بە 611.660 لیرەی تورکی بووە، واتە 105 لیرە زیاتر بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو کە بە 505 لیرە بوو.

ئەم شکاندنە زۆرەی لیرە پاش ئەوەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتی سادات ئۆنال جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتە واشنتن و لەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بەڵام پـێدەچێت هیچ ئەنجامێکی نەبووبێت.

لە لایەکی دیکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ لە وتارێکیدا لە شاری بایبورتی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی ئەم دۆخەی ئێستای دراوی وڵاتەکەی بە شەڕێکی ئابوری ناودێرکرد و گوتی لەم شەڕەشدا سەردەکەون. داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد هەرچی دۆلار و یورۆ و زێڕیان هەیە بیکەن بە لیرە.

چاودێران پـێـیان وایە ئەم لێدوانانە توندئامێزانەی ئەردۆغان هێندەی دیکە بازاڕەکانی دراو دەخاتە نیگەرانیـیەوە، بۆیە هاوکاتی وتارەکەی سات بە سات لیرەی تورکی زیاتر دەشکا.

XS
SM
MD
LG