Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی ئاکامی کەوتنی فڕۆکەیەک لە قرغیزستان گەیشتە 37 کەس

  • VOA News

ژمارەی قوربانیانی ئاکامی کەوتنی فڕۆکە بارهەڵگرەکەی تورکیا بەسەر گوندێـکی قرغیزستان گەیشتە 37 کەس کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە لە دەوروبەری کاژمێر 7:30 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری بۆینگی 747 کە کۆمپانیای ACT Airlines بنکە لە تورکیا خاوەنەکەیەتی، لەو کاتەی هەوڵی دابوو لە فڕۆکەخانەی ماناس لە نزیک بیشکێکی پایتەخت بەسەر گوندی داچا- سوو Dacha-Suu)) کەوتە خوارێ و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 37 کەس گیانیان لەدەسـتدا، لەوانە 4 کەسیان تاقمی فڕۆکەکە بوون. هەروەها 5 منداڵی گوندەکەش لە نێو قوربانیـیەکانن.

بەپـێی وەزارەتی تەندروستی 15 کەسی دیکەش برینداربوون و بەرەو نەخۆشخانە براون، لەوانە شەشیان منداڵن.

بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان لەو کاتەی فڕۆکەکە لە هۆنگ کۆنگەوە هاتبوو تاوەکو لە فڕۆکەخانەی ماناس بنیشێتەوە بەر لەوەی بەرەو ئستەنبوڵ بەڕێبکەوێت، تەمێـکی زۆر ناوچەی فڕۆکەخانەکەی گرتبووەوە.

محمەدکالی ئابولگازیێڤ جێگری سەرۆک وەزیری قرغیزستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بۆ هەڵەی فڕۆکەوانەکە دەگەڕێتەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تیمەکانی فریاگوزاری یەک لە دوو سندوقی ڕەشی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە. قوبات بێک بۆرۆنۆڤ وەزیری باری نائاسایی وڵاتەکە گوتی لە کۆی 43 خانووی گوندەکە 23 وێرانبوون. زۆربەی ماڵەکانی گوندەکە لە گڵ دروسـتکراون.

میدیاکانی خۆجێی دەڵێن ئەڵماز بێک ئاتامباێیڤ سەرۆکی قرغیزستان سەردانەکەی بۆ چین هەڵوەشاندووەتەوە و گەڕاوەتە بۆ وڵاتەکەی و سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتەکە ڕاگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG