Accessibility links

هێڵی ئاسمانی تورکیا گەشتەکانی بۆ ئەفغانستان دەستپێدەکاتەوە


هێڵی ئاسمانی تورکیا لە 21 ی مانگی پێنجدا گەشتەکانی بۆ کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش یەکەمین گەشتی هێڵەکە دەبێت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاوە لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا کاتێک هاووڵاتییانی سڤیل بە کۆمەڵ لە فڕۆکەخانەکەوە دەگوازرانەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

هێڵی ئاسمانی تورکی ڕایگەیاند " جیهانەکەمان فراوان دەبێت، دەست دەکەین بە گەشتەکان لە کابوڵەوە بۆ ئیستەنبوڵ، چوار جار لە هەفتەیەکدا."

گەشتەکانی نێوان ئیستەنبوڵ و کابوڵ لە ڕۆژانی سێشەممان و چوارشەممان و هەینی و یەکشەمماندا دەبێت.

لە مانگی یانزەی ساڵی 2023 دا هێڵی ئاسمانی فڵای دوبەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب یەکەمین هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی بوو کە گەشتەکانی بۆ ئەفغانستان دەستپێبکاتەوە.

کارکردنی فڕۆکەخانەی کابوڵ بە تەواوەتی، بە هۆکارێکی زۆر گرنگ دادەنرێت بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییە ڕووخاوەکەی ئەفغانستان.

جگە لە فڵای دوبەی، لە ئێستادا هێڵی ئاسمانی کام ئێری ئەفغانی و هێڵی ئاسمانی ئاریانای ئەفغانی گەشتی سنووردار لە کابوڵەوە بەرەو ئاڕاستەکانی وەکو دوبەی و مۆسکۆ و ئیسلامئاباد و ئیستەنبوڵ ئەنجام دەدەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG