Accessibility links

ئەدرۆغان: تورکیا هیچ هەڵوێستێکی دژ بە ڕووسیای نابێت


سەرۆکی تورکیا دەڵێت هیچ هەڵوێستێکی دژ بە ڕووسیای نابێت لە بەرامبەر هەوڵی کوشتنی سیخوڕە ڕووسیایـیەکە لە بەریتانیا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند لە میانەی گەڕانەوەی لە بولگاریاوە بەرەو وڵاتەکەی و لە فڕۆکەکە لێدوانی بۆ ئەو ڕۆژنامەوانانە دابوو کە لە گەشتەکەیدا یاوەریـیان کردبوو.

هەردوو ڕۆژنامەی حوریـیەت و یەنی شەفەقی تورکی دەڵێن ئەردۆغان پـرسیاری لێکرابوو، ئایا ئەنکەرە وەکو وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ، دیپـلۆماتانی ڕووسیایی دەردەکات لەسەر هەوڵی کوشتنی سیخوڕی ڕوسیایی سێرگێی سکریپال و کچەکەی لە بەریتانیا؟ ئەویش لە وڵامدا گوتویەتی" تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک وڵات هەڵوێستیان لەسەر بنەمای ئیدیعایەک وەرگرتووە، ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین هەمان هەنگاو بنێین."

ئەمەریکا و زۆربەی ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر هەمان کەیس ژمارەیەک لە دیپـلۆماتانی ڕوسیایی‌یان لە وڵاتەکانیان دەرکرد. ئەندامەکانی دیکەی ماونەتەوە بەڵێنیان داوە ئەوانیش لەم زووانە هەنگاو لە دژی مۆسکۆ دەنێن. بەڵام تورکیا کە لە ساڵی 1952 وەوە ئەندامی ناتۆیە لە ئێستادا پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ مۆسکۆدا هەیە، بۆیە ئامادە نیـیە هاوشێوەی ئەندامانی دیکە ناتۆ هەنگاو لە دژی مۆسکۆ بنێت.

جێی ئاماژەیە پـێشتر ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی تورکیا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کرد بە مەبەستی تاووتوێکردنی بەرنامەی کارەکانیان بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە لە 4 ی مانگی چوار لە ئەنکەرە بەڕێوەبچێت لە نێوان سەرۆکانی تورکیا و ئێران و ڕووسیا.

XS
SM
MD
LG