Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ سەدان کەس دەدات


دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ 337 کەس دەرکرد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی ساڵی 2016 .

دادگاکە ئەمڕۆ پـێنشجەممە لە ئەنکەر ئەم کەسانەی تۆمەتبارکرد بە هەوڵی کوەتا بەسەر سیستەمی دەستوری و هەوڵی کوشتنی سەرۆک و کوشتنی بە مەبەست. ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت کۆپـیـیەکی بڕیاری دادگاکەی پـێگەیشتووە کە تیایدا تۆمەتبارەکان بەشێکیان ئەفسەر و فڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی تورکیا بوون و دەڵێن بەشداریـیان کردبوو لە بۆردومانکردنی چەند شوێنێک لە ئەنکەرە، لەوانە بینای پەرلەمان.

فڕانس پـرێس دەڵێت 60 کەسی دیکەش بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ درا، بەڵام بۆ ماوەی کەمتر. 75 کەسی دیکەش بەبێ تاوان دانران.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن بەهۆی هەوڵی کودەتاکە 251 کەس کوژران و زیاتر لە 2 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.

هەتا ئێستا زیاتر لە 4500 کەس لەسەر هەوڵی کودەتاکە حوکمدراون، لەوانە نزیکەی 3 هەزار کەسیان حوکمەکانیان زیندانی هەتاهەتایی‌یە.

تورکیا فەتحوڵڵا گولەن، پیاوی ئاینی تورکی دانیشتووی ئەمەریکا، بە ڕێبەری هەوڵی کودەتاکە دادەنێت و دەڵێت عادل ئۆکسوز کە مامۆستایەکی شەریعە بوو لە ناو تورکیا و بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە، پـلانی هەوڵی کودەتاکەی جێبەجی دەکرد. دادگاکانی تورکیا بەبێ ئامادەبوونی خۆیان پـرۆسەی دادگایـیکردنەکەیان بەڕێوەدەبەن.

XS
SM
MD
LG