Accessibility links

بڕیاری زیندانیکردنی کچێکی خاوەن پـێداویستی تایبەت لە تورکیا ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە


بەپـێی ڕاپـۆرتەکان، فاتمە کۆمەرت کە کچێکی تەمەن 28 ساڵە و خاوەن پـێداویستی تایبەتە و ڕێژەی ئیفلیجیـیەکەی بە 92% مەزەندەدەکرێت، لەلایەن دادگایەکی تورکیاوە بڕیاری زیندانیکردنی 6 ساڵ و 3 مانگی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی تێرۆر.

ئەندرۆ سترۆلاین، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا نووسینێکی ڕێبێکا هارمس ئەندامێکی پـێشووی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر تویتەرەکەی دووبارەکردووەتەوە کە تیایدا دەڵێت" چێرۆکی زۆر ناخۆش هەن لە بارەی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە تورکیا زیندانی دەکرێن. کەیسی فاتمە کۆمەرت بە تایبەتی زۆر ناخ هەژێنە. دەتوانرێت چی بکرێت؟"

هەروەها عومەر فاروق گەرگەرلی‌ئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لەم بارەیەوە ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "ئایە دەکرێت کەسێک سزا بدرێت کە ناتوانێت لە ماڵەکەی خۆی بچێتە دەرێ، ناتوانێت بەبێ یارمەتی پـێدوایستیـیەکانی خۆی ئەنجام بدات؟ چ ویژدانێک ئەمەی پێ قبوڵە؟"

فاتمە لە لێدوانێکد بۆ بۆڵد میدیا Bold Media گوتویەتی تۆمەتبارکراوە بەوەی لە مۆبایلەکەی ئاپی ByLock ی بەکارهێناوە، ئەوەی حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەندامانی ڕێکخراوی گولەن لە کاتی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتر بەکاریانهێناوە.

بڕیارە کەیسەکە بچێتە بەردەم دادگای پـیاداچوونەوە، کەسوکارەکەی دەخوازن لەوێ بەبێ تاوان دابنرێت. براکەی گوتویەتی لە ئێستاوە باری دەروونی فاتمە تێکچووە و ئەگەربێت و زیندانی بکرێت، ئەوا واتای کوشتنێتی، چونکە بەبێ یارمەتی ناتوانێت بژی.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە هیچ دەزگایەکی دادوەری تورکیا لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنی بڵاونەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG