Accessibility links

تورکیا سزای دارایی دەسەپێنێت بەسەر کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا


تورکیا سزای دارایی سەپاند بەسەر کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیای وەکو فەیسبوک و تویتەر و یوتیوب لە پاش ئەوەی ئامادە نەبوون پابەندی یاسایەکی نوێی وڵاتەکەی بن کە کۆمپانیاکان ناچار دەکات ئەو پـۆستانە بسڕنەوە کە حکومەتی تورکیا داوای سڕینەوەیان دەکات.

عومەر فاتیح سایا، جێگری وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕایگەیاند سزای دارایی بە بەهای 10 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار) دەسەپێنن بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی پابەندی یاساکە نابن. دەشڵێت ئەگەربێت و هەتا 30 ڕۆژی دیکە هەر پابەند نەبن ئەوا بە بەهای 30 ملیۆن لیرەی دیکە سزا دەدرێنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت سزاکان ژمارەیەک کۆمپانیا دەگرێتەوە، لەوانە Facebook ، Instagram، Twitter ،Periscope،YouTube،TikTok. تەنیا کۆمپانیای VK ی ڕووسیایی پابەندی یاساکە بووە و سزای لەسەر دانەنراوە.

بەپـێی ئەو یاسایە کە لە مانگی دەی ئەمساڵەوە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەر کۆمپانیایەکی سۆشیال میدیا کە ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەکارهێنەری لە ناو تورکیا هەیە، نوێنەرێکی لە وڵاتەکە هەبێت تاوەکو بڕیارەکانی دادگای تورکیا بۆ سڕینەوەی پـۆست و ڤیدیۆ و وێنە جێبەجێ بکات لە ماوەی 48 کاتژمێردا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کام لەو کۆمپانیایانە ئامادەنەبوون پابەندی یاساکە بن. پـێشتر چەندان جار حکومەتی تورکیا داوای لە تویتەر و فەیسبوک کردووە پـۆست بسڕنەوە کە وەک ئەنکەرە دەڵێت سووکایەتیکردنن بە سەرۆکی وڵات و پـرۆپاگەندەن بۆ تێرۆرزم.

XS
SM
MD
LG