Accessibility links

تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ باکوری قوبرس ڕەوانە دەکات


تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ڕەوانەی باکوری قوبرس کرد، لەم کاتەی گرژیـیەکانی نێوان تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

فڕۆکەی تورکی جۆری Bayraktar TB2 ئەمڕۆ دووشەممە لە فڕۆکەخانەی گێچیت‌قەلعەی ناوچەی فاماگوستای بەشە تورکیـیەکەی قوبرس نیشتەوە.

فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆکی تورکیا لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ناردنی ئەم فڕۆکەیە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیـیەکانی تورکیا و کۆماری تورکی باکوری قوبرسە و هەروەها لە پـێناو ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەیە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەو ڕێکەوتنەی پەسەندکرد کە حکومەتی وڵاتەکەیان لەگەڵ حکومەتەکەی فائز ئەلسەراجی لیبیا مۆرکردووە.

گرژیـیەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە لە پاش ئەم ڕێکەوتنە توندتربوون و هەریەک لە کۆماری قوبرس و یۆنان و میسر ناڕەزایی توندیان لە بەرامبەریدا دەربڕی.

لە لایەکی دیکە جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتر کە بەشێکی گەورەی لیبیا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیەتی، فەرمانی بە هێزەکانی کردووە تەرابلوسی پایتەخت کۆنترۆڵ بکەن و کۆتایی بە حکومەتی فائیز ئەلسەراج بهێنن.

XS
SM
MD
LG