Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی 15 مانگ بۆ زانایەکی تەندروستی و ژینگە دەردەکات


دادگایەکی تورکیا بڕیاری دا زانایەکی وڵاتەکەی 15 مانگ زیندانی بکرێت بە تاوانی ئاشکراکردنی زانیاری نهێنی سەبارەت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ئاکامی پـیسبوونی ژینگەی وڵاتەکەی.

دادگاکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ئستەنبوڵ گوتی دکتۆر بولنت شیک تاوانبارە بەوەی لە ساڵی 2018 زانیاری نهێنی بۆ ڕۆژنامەی جمهوریەت ئاشکراکردووە، بەڵام بەبێ تاوانی دانا لە کەیسی بردنی زانیاری نهێنی کە سزاکەی دەگاتە 12 ساڵ زیندانی.

دکتۆر بولنت شیک ئەنجامی توێژینەوەیەکی ئاشکراکرد کە لەگەڵ ژمارەیەک زانای وەزارەتی تەندروستی لە نێوان ساڵانی 2011 و 2015 کردبوویان.

لە توێژینەوەکە ئاماژە بەوە کراوە ڕێژەیەکی بەرزی ماددەی ژەهراوی لە خاک و ئاو و خۆراکی ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیا هەیە، ئەمەش وەهای کردووە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەو ناوچانە بەرزببێتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International لەسەر کەیسەکە هاتووەتە دەنگ و دەڵێت دکتۆر بولنت شیک ڕووی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد پاش ئەوەی حکومەت ئەنجامی توێژینەوەکەی بە هێند وەرنەگرت و ڕێوشوێنی پـێویستی نەگرتەبەر.

میلینا بویوم چالاکوانی ڕێکخراوی ئەمنستی لە تورکیا بەر لە دانیشتنی دادگا، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت " لە بری شاردنەوەی ئەنجامی توێژینەوەکە و دادگاییکردنی دکتۆر شیک، با وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بە پەلە ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی خەڵکی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پـیسبوونی ژینگەیە.

XS
SM
MD
LG