Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری بێ تاوانی بۆ 3 چالاکوان دەرکرد


دادگایەکی ئستەنبوڵ ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری دا نوێنەری ڕێـکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە تورکیا و دوو چالاکوانی دیکە، بێ تاوانن لەو تۆمەتانەی ماوەی سێ ساڵە ئاڕاستەیان کرابوون بە گومانی پـڕۆپاگەندە بۆ پەکەکە.

دوای ئەوەی دادگاکە بڕیاری بێ تاوانی هەریەک لە ئێرۆڵ ئۆندەرئۆغڵو و شەبنەم کورو فنجاچی چالاکوانی مافەکان و ئەحمەد نەسین نووسەر و ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند، ئامادەبووانی هۆڵی دانیشتنەکەی دادگا دەستیان بە چەپەڵەلێدان کرد.

لە میانەی دادگاییکردنەکە تەنیا خانم فنجانی ئامادەبوو، بەڵام ئۆندەرئۆغڵو و نەسین لە دەرەوەی وڵاتن.

لە ساڵی 2016 وە ئەم سێ چالاکوانە تاوانبارکران بە پـرۆپاگەندە بۆ پەکەکە، لە پاش ئەوەی بەشداریـیان لە هەڵمەتێکی ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەم کرد بە ئامانجی کۆتایی‌هێنان بە توندوتیژی.

هەرسێکیان بەپـێی مادەیەکی یاسایی تۆمەتبارکران کە سزاکەی دەگاتە 14 ساڵ زیندانی.

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 وە هەر لەسەر هەمان تۆمەت ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەمیان داخست.

لە ئێستادا ئەم سێ چالاکوانە بۆیان هەیە داوای قەرەبوو بکەن بۆ ئەو ماوەیەی لەسەر ئەم تۆمەتە خرابوونە زیندان.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند.

کرێستۆفەر دێلوار سکرتێری گشتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" بڕیاری دادگا بۆ بێ تاوانی ئۆندەرئۆغڵو سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دادپەروەری و ئازادی ڕۆژنامەگەری کە ڕۆژانە لەو وڵاتە پـێشێلدەکرێن. هیوایەکی گەورەشە بۆ هەموو ئەو ڕۆژنامەوانانەی هێشتا بە ناحەق دەستگیرکراون."

ڕێکخراوەکە دەڵێت تورکیا لە نێو 180 وڵات تەنیا لە 23 وڵاتیان باشترە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری.

XS
SM
MD
LG