Accessibility links

عەلی باباجان دەستبەرداری پارتی ئاکەپەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەبێت


عەلی باباجان ئەندامی باڵای ئاکەپە و جێگری پـێشووی سەرۆک وەزیری تورکیا وازی لە پارتەکەی هێنا و بە نیازە بەشداربێت لە ڕاگەیاندنی پارتێکی نوێ لە تورکیا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەلی باباجان گوتویەتی بەهۆی بوونی ناکۆکی قۆڵ لەگەڵ ڕێبازی ئێستای ئاکەپە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێبەراتی دەکات، بڕیاری داوە لەو پارتە بێتە دەرێ.

ڕۆیتەرز دەڵێت بەپـێی لێدوانی چەند کەسێکی ئاگادار لە دۆخەکە، باباجان بە نیازە لەگەڵ عەبدوڵڵا گول سەرۆکی پـێشووی تورکیا پارتێکی سیاسی نوێ ڕابگەیەنن.

باباجان لە ڕاگەیاندنێکدا گوتویەتی لەم بارودۆخەی ئێستای تورکیا وڵاتەکە پـێویستی بە تێڕوانینێکی نوێ هەیە، هەروەها پـێویستە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی دوروست لە هەموو بوارێکدا بکرێت و ستراتیژ و پلانی نوێ بۆ وڵاتەکە دابنرێن.

گوتوشیەتی خۆی و زۆرێک لە هاوڕێـیانی هەست بە بەرپـرسیارێتیـیەکی گەورە و مێژوویی دەکەن.

هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئستەنبوڵ کە لە 23 ی مانگی شەش دووبارەکرایەوە، گەورەترین شکستی هەڵبژاردن بوو کە دووچاری ئاکەپە ببێت لەوەتای دامەزراوە.

XS
SM
MD
LG