Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ 24 کەس دەدات


دادگایەکی تورکیا بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ 24 کەس دەرکرد بە تۆمەتی هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی ساڵی 2016.

دادگای سزادانی ئەنکەرە ئەمڕۆ پـێنجشەممە بڕیارەکانی دەرکرد و 17 کەس لە تۆمەتبارەکان 141 جار سزای زیندانی هەتاهەتایی دران، لەوانە ئاکن ئوزتورک فەرماندەی پـێشووی هێزی ئاسمانی تورکیا و عەلی یازجی ڕاوێژکاری پـێشووی ئەردۆغان بۆ کاروباری لەشکری و محەمەد دیسلی برای سابان دیسلی ئەندامی گەورەی ئاکەپە.

دادگاکە بڕیاریشی دا کەیسەکانی 13 تۆمەتباری دیکە جیابکرێنەوە کە هێشتا دەسـتگیرنەکراون، لەوانە فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە بووە.

دادگا گوتی ئەم کەسانە دەستوریان پـێشێلکردووە و هەوڵیانداوە سەرۆک کۆمار بکوژن و بەرپـرس بوون لە کوژرانی 139 کەس.

جێی ئاماژەیە لە مانگی پـێنجی ساڵی 2017 وە دادگاییکردنی 224 کەس دەستیپـێکرد بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکە، 24 کەسیان پلەی جەنەڕاڵیان هەبوو.

دەسەڵاتدارانی تورکیا هۆڵێکی گەورەی دادگایان لە کۆمەڵە زیندانەکانی ناوچەی سنجانی ئەنکەرە دروستکرد تاوەکو بتوانن ئەو ژمارە زۆرەی تیایدا دادگایی بکەن. دەڵێن هۆڵەکە زیاتر لە 1500 کەس دەگرێت.

XS
SM
MD
LG