Accessibility links

خێزانی ئەو فەلەستینیـیەی تورکیا دەڵێت لە زینداندا خۆی کوشت دەڵێن ئەشکەنجەدراوە


ئەو فەلەستینیـیەی لە تورکیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیمارات و پاشان هەواڵی مەرگی ڕاگەیەندرا کە گوایە خۆی لە ناو زینداندا کوشتووە، ئێستا ئەندامانی خێزانەکەی دەڵێن تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە ئەشکەنجەیەکی دڕندانە دراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس چاوپـێکەوتنی لەگەڵ برای (زەکی ئەبو سبیتان موبارک) کرد، ئەوەی سێ هەفتە لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا گوتیان شەوی 28 ی مانگی چوار لە زیندانە تاکە کەسیـیەکەی لە بەندیخانەی سیلیڤری ئستەنبوڵ بە هەڵواسراوی بینرابوو.

زەینەدین ئەبو سبیتان برای زەکی گوتی هەفتەی ڕابردوو تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و بەرەو میسر گواستویانەتەوە و لەوێ ئاسەواری ئەشکەنجەدانیان پـێوەی دیوە و بینیویانە زمانیان بڕیوەتەوە و ناوسکیان دەرهێناوە.

دەڵێت تەرمەکە وەها شێوێندراوە نەیاناسیوەتەوە، بۆیە داوایان لە دەسەڵاتدارانی میسر کردووە تاقیکردنەوەی DNA ی بۆ ئەنجام بدەن و توێکاری نوێی بۆ بکرێتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بە ڕوونی ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەدان و شکاوی لە سەر و هەردوو دەست و هەردوو قاچیدا دیارن.

هاوکات سەنای خوشکی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی گوتی تەرمەکە لە ناو تابوتێکدا دانرابوو کە زۆر بە قورسی بۆیان کراوەتەوە. گوتیشی بینویانە لایەکی سەری براکەی هەڵتەقیوە کە پـێدەچێت بە شتێکی ڕەق وەک ئاسن لێی درابێت و جگە لەو ئەشکەنجانەی باسکراون نینۆکیشیان دەرهێناوە.

پاشان گوتی داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان کردووە لەسەر ئەم مەسەلەیە بێنە دەنگ و ڕاستیەکان ئاشکرابکەن.

لە لایەکی دیکە زەکەریای برای بە کەناڵی ئەلعەرەبیـیەی گوت بەهۆی ئەوەی ناوسکیان هێناوەتە دەرێ، ئەگەر توێکاری نوێشی بۆ بکرێت ڕەنگە نەزانرێت هۆکاری سەرەکی مردنەکەی چی بووە.

باسی لە ڕاپـۆرتی پـزیشکی دادوەری تورکیا کرد و گوتی زانیاریـیەکانی ناوی پـێچەوانەی یەکترن.

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە 19 ی مانگی چوار زەکی موبارەک و کەسێکی دیکەیان دەسـتگیرکرد بە تۆمەتی سیخوڕی سیاسی و لەشکر بۆ ئیمارات. بەڵام کەسوکاری ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG