Accessibility links

ئەندامێکی باڵای جەهەپە دەڵێت بڕیاری دووبارەکردنەوە هەڵبژاردنەکانی ئستەنبوڵ نایاسایی‌یە


ڕێبەری پەرلەمانتارانی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئستەنبوڵ بڕیارێکی نایاسایی‌یە.

موحەڕەم ئینجە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە تێڕوانینی خۆی لە بارەی بڕیار کۆمسیۆن خستە ڕوو و نووسیویەتی" ڕوون و ئاشکرایە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ دووبارکردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئستەنبوڵ هیچ بنەمایەکی یاسایی نیـیە. تەنیا فەرمانیان پـێکراوە و ئەوانیش جێبەجێـیانکردووە."

لە لایەکی دیکە ڕەجەب ئوزەل نوێنەری ئاکەپە لە کۆمسیۆنی باڵا، لەسەر تویتەرەکەی خۆشحاڵی دەربڕیوە و نووسیویەتی" هەڵبژاردنەکانی ئستەنبوڵ دووباردەکرێنەوە. بەخۆشی بێت."

جێی ئاماژەیە لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ئستەنبوڵ کە تیایدا کەرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی جەهەپە براوەی پـۆستی سەرۆکی شارەوانی بوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتی ساختە و پـێشێلکاری زۆر لە ئستەنبوڵ کراون، بۆیە ئاکەپە تانەی لە ئەنجامەکان گرت و سکاڵای فەرمی پـێشکەشکرد.

دواتر دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند لێکۆڵەرەوان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی 43 کاربەدەستی نێو بنکەکانی دەنگدان پەیوەندیـیان بە فەتحوڵڵا گولەنەوە هەبووە. بۆیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەمڕۆ بڕیاری دا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31 ی مانگی سێی ئستەنبوڵ هەڵبوەشێتەوە و لە 23 ی ئەم مانگە هەڵبژاردنەکان دووبارەبکرێنەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەندامانی باڵای جەهەپە لە کۆبوونەوەدان و بڕیارە دواتر ڕاگەیاندنێک لەم بارەیەوە بڵاوبکەنەوە.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئستەنبوڵ بەهای لیرەی تورکی دابەزی.

XS
SM
MD
LG