Accessibility links

کەسوکاری ئەو کەسەی تورکیا دەڵێت لە زینداندا خۆی کوشت داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن


ئەو کەسەی لە تورکیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیمارات و پاشان ڕۆژی دووشەممە هەواڵی مەرگی ڕاگەیەندرا کە گوایە خۆی لە ناو زینداندا کوشتبوو، ئێستا کەسوکاری داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن لە بارەی چۆنیەتی مردنی.

زەینەدین ئەبو سبیتان برای کەسە کوژراوەکە (زەکی ئەبو سبیتان) کە خەڵکی کەرتی غەززەی فەڵەستینە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی فەڵەستینەوە لە تورکیا هەواڵی مەرگی براکەیانی پـێگەیشتووە. گوتوشیەتی ئەوان پـێیان‌وایە زەکی کوژرابێت و دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕاستیـیەکە دەشارنەوە، بۆیە داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن.

سەنا ئەبو سبیتانی خوشکی، ئەویش گوتی هەفتەیەک لەمەوبەر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ زەکی کردبوو و ورەی بەرزبووە و گوتویەتی دڵنیایە لەوەی ئازاددەکرێت، چونکە دانی نەناوە بە هیچ کام لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون.

سەنا گوتیشی" زەکی برام چاک دەناسم ناکرێت خۆی بکوژێت. ئەمە شانۆیەکە تورکیا دایڕشتووە هەتا کوشتنەکەی پەردەپـۆش بکات."

پاشان زەینەدین گوتی براکەی ئەفسەرێکی خانەنشینی دەزگای موخابەراتی دەسەڵاتی فەڵەستینی بووە و لە ساڵی 2007 وە غەززەی جێهێشتبوو و ڕووی لە وڵاتی میسر کردبوو و پاشان چووە بۆ بولگاریا و چەند ساڵێک لەوێ بووە هەتا دوایی بەرەو تورکیا چووە تاوەکو پـرۆژەیەکی بازرگانی دابمەزرێنێت و لەوێ نیشتەجێ ببێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی دووشەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند زەکی شەوی یەکشەممە لە کاتژمێر 10:22 لە زیندانە تاکە کەسیـیەکەی لە بەندیخانەی سیلیڤری ئستەنبوڵ بە هەڵواسراوی بینراوە.

XS
SM
MD
LG