Accessibility links

پـۆلیسێک بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگایەکی تورکیا دەکوژێت


کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای ڕیزەی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە دەستی پـۆلیسێک کوژراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو لە زاری کەمال چەبەر فەرمانڕەوای پارێزگای ڕیزە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی ئاڵتوغ وەردی گیانی لەدەستداوە لە ئاکامی تەقەکردنێکدا لە نێو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاکە.

سەرچاوەکانی ئاسایش بە ئانادۆڵویان گوتووە پـۆلیسێک کە لە شارۆچکەی دەرە بازاڕی کاردەکات بەڕێوەبەرەکەی کوشتووە.

دەڵێن پـۆلیسەکە چووە بۆ بەڕێوەبەرایەتیـیەکە بۆ بینینی بەڕێوەبەرەکە تاوەکو داوای لێبکات لە شوێنی کارەکەی بیگوێزنەوە، چونکە بۆ خوێندنی زانکۆ وەرگیراوە. بۆیە چەک و مۆبایلەکەی لە پـرسگەکە دانابوو و ڕۆیشتبوو بۆ بینینی، بەڵام دوای بینی بەڕێوەبەرەکە گەڕاوەتەوە بۆ پـرسگەکە و چەک و مۆبایلەکەی هەڵگرتووە و بە ڕاکردن بەرەو ژوری بەڕێوەبەرەکە گەڕاوەتەوە و تەقەی لێکردووە. جگە لە بەڕێوەبەرەکە تەقەی لە دوو پـۆلیسی دیکەش کردبوو و برینداری کردوون.

کەمال چەبەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە گوتی پـێدەچێت وەڵامی بەڕێوەبەرەکەی بە دڵ نەبووە، بۆیە ئەو تاوانەی کردووە.

هێزەکانی ئاسایش پـۆلیسەکەیان دەستگیرکردووە.

XS
SM
MD
LG