Accessibility links

تورکیا 12 کەس دەستگیردەکات کە دووانیان پـرۆفیسۆرن


پـۆلیسی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 12 کەسی دەسـتگیرکردووە کە دووانیان پـرۆفیسۆری زانکۆن، ئەمەش بەهۆی پەیوەندیـیان بە کۆمەڵەی کەلتوری ئانادۆڵو، ئەوەی عوسمان کاڤالا چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی دەستگیرکراو ڕێبەرایەتی دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند دەسەڵاتداران فەرمانی دەسـتگیرکردنی 20 کەسیان دەرکردووە بە تۆمەتی پەیوەست بە کۆمەڵەی Anadolu Kultur .

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 12 کەسیان دەسـتگیرکراون، لەوانە پـرۆفیسۆر بەتول تانبای لە زانکۆی بۆگازچی و پـرۆفیسۆر تورگوت تارهانلی جێگری ڕاگری زانکۆی بیلگی.

جگە لەوان یگیت ئەمەکچی جێکری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەکە و عەلی هاکان ئالتینای ئەندامی ئەنجومەنەکە و خانمە ڕۆژنامەوانی ناسراو چیگدەم ماتەر و کەسایەتی ڕۆشنبیری ئەسینا گونال دەسـتگیرکراون.

هێشتا ڕانەگەیەندراوە بە چ تۆمەتێک بڕیاری دەسـتگیرکردنی ئەم 20 کەسە دراوە.

سیزگین تانریکولو پەرلەمانتاری سەر بە پارتی جەهەپە لە تویتەرەکەی لە بارەی دەسـتگیرکردنەکانی ئەمڕۆ نووسیویەتی " ڕۆژێکی هەینی دیکە، دەستگیرکردنی دیکە... ئەوانەی چاوەڕێی ئاساییکردنەوەی ڕەوشن لەم ڕژێمە، ئەوا دەبێت هەر لەو خەونەیاندا بەردەوامبن."

عوسمان کاڤالا لە 18 ی مانگی دەی ساڵی 2017 لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئستەنبوڵ دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی هەوڵی "گۆڕینی سیستەمی دەستوری" و "ڕووخاندنی حکومەت".

لەوەتای هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 55 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە و زیاتر لە 140 هەزار کەسیشیان لە کارەکانیان دەرکردوون یان ڕاگرتوون.

XS
SM
MD
LG