Accessibility links

ئەردۆغان: هێرشی ئابوری هیچ جیاوازی نییە لە هێرشی سەر ئاڵا


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی گرتەوە لەو سزا ئابوریانەی ئەمەریکا بەسەری سەپاندووە لەسەر قەشە ئەندرۆ برەنسن کە نزیکەی دوو ساڵە لە تورکیا دەسـتگیرکراوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکی تۆمارکراوی ڤیدیۆیی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە گوتی" هیچ جیاوازیـیەک نیـیە لە نێوان ئەوەی هێرشی ئابوریمان دەکاتە سەر و ئەوەی هێرش دەکاتە سەر بانگی مزگەوت و ئاڵاکەمان. ئامانجەکە یەکە، ئەویش چۆکدادانە بە تورکیا و گەلی تورک و گیرۆدەکردنیانە."

گوتیشی" ئەوانەی بە هەزاران فێڵ و تەڵەکە نەیانتوانیوە چۆک بە تورکیا دابەن، لەم نزیکانە دەبینن تورکیا بە بەهای دراوەکانیش خۆی بەدەستەوە نادات."

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ لە 10 ی مانگی هەشت بڕیاری دا گومرگی سەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی تورکی دوو هێندە لێبکرێت، ئەمەش وەک سزادانێکی ئەنکەرە لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داوای ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ.

تورکیا دەڵێت ئەم قەشە ئەمەریکایـیە سیخوڕی کردووە و پشتیوانی لە فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە، بەڵام قەشە ئەندرۆ و کاربەدەستانی ئەمەریکا بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنە.

XS
SM
MD
LG