Accessibility links

دادگایەکی تورکیا 104 کەس لەسەر هەوڵی کودەتاکە سزای زیندانی هەتاهەتایی دەدات


دادگایەکی تورکیا بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ 104 ئەفسەر و سەربازی لەشکر دەرکرد، ئەمەش بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 .

ئاژانسی ئانادۆڵوی نیمچە فەرمی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی دادگای پارێزگای ئەزمیر لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە سزای "زیندانی هەتاهەتایی توندی" بەسەر ئەو کەسە لەشکریـیانە سەپاندووە کە هەوڵی گوڕینی سیستەمی دەستوردی وڵاتەکەیان دابوو.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت کۆی گشتی ئەو کەسە لەشکریـیانەی لەسەر هەوڵی کودەتاکە دادگایی‌دەکرێن بریتیە لە 280 ئەفسەر و سەرباز.

هەریەک لە فەریق حەسەن حسێن دەمیر ئەسلان سەرۆکی پـێشووی ئەرکانی هێزی ئاسمانی و جەنەڕاڵ مەمدوح حەق بیلان فەرماندەی پـێشووی ئەرکانی لەشکر لە ناوچەی ئیجە لە نێو ئەوانەن حوکمی زیندانی هەتاهەتایی دراون.

هەروەها دادگا سزای زیندانی 20 ساڵی بۆ 21 کەسی دیکە دەرکرد، ئەمانیش بە تۆمەتی یارمەتیدان لە هەوڵی کوشتنی سەرۆکی وڵات، وە 31 کەسی دیکەش سزای زیندانی نێوان حەوت ساڵ و نیو بۆ دە ساڵ دراون بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی چەکداردا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە شەوی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، کاتی هەوڵی کودەتاکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و خێزانەکەی لە سەیرانگایەکی ناوچەی ئیجە بوون. بەپـێی لێدوانێکی پـێشووی ئەردۆغان تەنیا 15 خولەک مابوو کودەتاچیـیەکان بگەنە سەری.

XS
SM
MD
LG