Accessibility links

ئەمنستی ئنتەرناشناڵ: تورکیا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەوانان


turkey prison
turkey prison

لە ڕۆژی جیهانی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ ڕاپـۆرتێکی لە بارەی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا بڵاوکرووەتەوە و دەڵێت بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەوانان.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجەشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، زیاتر لە 120 ڕۆژنامەوان خراونەتە زیندانەوە و ئێستا ڕۆژنامەوانان لەو وڵاتە لە دۆخێکی پـڕ لە ترس و تۆقاندندان بە ئامانجی بێ دەنگکردنیان.

خانم غوری ڤان غولیک جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی ئەوروپای ئەمنستی لەم بارەیەوە گوتویەتی ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیا بەدی دەکرێت ئەوەیە هەوڵێک هەیە بۆ نەهێشتنی هەموو ڕۆژنامەگەریـیەکی سەربەخۆ. تورکیا بووەتە گەورەترین زیندان بۆ ڕۆژنامەوانان لە جیهاندا. گوتیشی ناکرێت جیهان ڕێگە بە ڕوودانی ئەمە بدات، بەڵکو دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیای نیشان بدات ئەو ڕۆژنامەوانە زیندانیکراوانە لە یاد ناکرێن.

ئەمنستی دەشڵێت هەموو ڕۆژنامەوانان لە تورکیا بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی دەسـتگیرکردن و دادگاییکردن و تۆمەتبارکردن دەبنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی بە کارەکانیان هەڵدەستن یان ڕاوبۆچوونی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە دەردەبڕن.

ڕێکخراوەکە لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەی ئاماژە بۆ لێدوانی چەند ڕۆژنامەوانێکی زیندانیکراو کرد، لەوانە زەهرە دۆغان کە هونەرمەند و ڕۆژنامەوانێکی کوردە و سەرنووسەری ئاژانسی دەنگ‌وباسی JINHA بووە و لە مانگی دەی ساڵی 2016 وە ئاژانسەکەی داخراوە و سزای زیندانی 3 ساڵ دراوە لەسەر وێنەکێشانی تابلۆیەک و بڵاوکردنەوەی چەند وتارێک.

دەڵێت زەهرە لە زیندانی ئامەدەوە نووسیویەتی:

" هەرچەندە لە زینداندام بەڵام خۆم بە زیندانکراو نازانم، هەموو ڕۆژێک نیشانی دەدەین کە ناکرێت هونەر و ڕۆژنامەگەری کۆت و بەندبکرێن. بەردەوام دەبین لە خەباتمان و بەردەوام دەیڵێینەوە ڕۆژنامەگەری تاوان نیـیە، هەتا هەموو ڕۆژنامەوانەکان ئازاددەکرێن."

XS
SM
MD
LG