Accessibility links

تورکیا بە نیازە بۆ جاری شەشەم باری نائاسایی درێژبکاتەوە


دەسەڵاتدارانی تورکیا بەنیازن بۆ جاری شەشەم باری نائاسایی لە وڵاتەکەیان درێژبکەنەوە، ئەمەش لەوەتای لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە درا.

بەکر بوزداغ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا کە گوتەبێژی حکومەتیشە، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی باری نائاسایی کە لە 19 ی مانگی یەک کۆتایی پـێدێت، جارێکی دیکە درێژدەکرێتەوە.

گوتیشی ئەم پـرسە لە نێو کارنامەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت، بەر لەوەی حکومەت ڕەوانەی بەردەم پەرلەمانی بکات.

لەوەتای هەوڵی کودەتاکە دراوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا بە دەیان هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، پیاوی ئاینی تورکی ئەوەی لە ئەمەریکا نیشتەجێـیە و ئەنکەرە بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباری دەکات.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە پاش هەوڵی کودەتاکە زیاتر لە 55 هەزار کەس دەستگیرکراون و زیاتر لە 140 هەزار کەسی دیکە لە کارەکانیان لابراون.

XS
SM
MD
LG