میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا دەڵێن پـۆلیسی وڵاتەکەیان هەڵمەتێکی لە 49 شار دەسـتپـێکردووە بۆ دەسـتگیرکردنی زیاتر لە 350 کەسی لەشکری و سیڤیل، ئەمەش بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی ساڵی ڕابردوو.
بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵو، داواکاری گشتی لە ئستەنبوڵ فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 333 کەسی لەشکری و 27 کەسی سیڤیل دەرکردووە. دەڵێن گومان دەکرێت ئەمانە "ئیمامی نهێنی" سەر بە فەتحوڵڵا گولەن بن، ئەوەی ئەنکەرە تۆمەتباری دەکات بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016.
ئانادۆڵو دەشڵێت لە ئێستادا ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانە دەسـتگیرکراون و بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ڕەوانەی ئستەنبوڵ دەکرێن.
ئاژانسی دەنگوباسی دۆگانیش ڕایگەیاند لە نێو کەسە لەشکریـیەکانی فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچووە، 216 کەسیان هێشتا لە لەشکردان، لەوانە حەوتیان فڕۆکەوانن.
فەتحوڵڵا گولەن کە پـیاوێکی ئاینی تورکیایە و لە ئێستادا لە ئەمەریکا دەژی، بە توندی ڕەتیدەکاتەوە دەستی لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو هەبێت.
ئەنکەرە چەندان جار داوای لە حکومەتی ئەمەریکا کرد گولەنی ڕادەستبکات، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئەوە لە دەسەڵاتی دەزگای دادوەری ئەمەریکایـیە و تەنها ئەو دەزگایە دەتوانێت بڕیار بدات گولەن ڕەوانەبکرێتەوە یان نا.
لەوەتای هەوڵی کودەتاکە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 50 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە و140 هەزار کەسی دیکەیان لە کارەکانیان دەرکردوون، زۆربەیان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن کە ئەنکەرە بە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی ناودێری دەکات.