Accessibility links

ڕۆژنامەوانێکی تورکیا لەسەر نووسینێک لەسەر تویتەر 3 ساڵ زیندانی دەکرێت

  • VOA News

میدیاکانی تورکیا دەڵێن ڕۆژنامەوانێکی ڕۆژنامەی جمهوریەتی ئۆپـۆزسیۆن حوکمی 3 ساڵ و یەک مانگ زیندانی درا بە تۆمەتی پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆر لەسەر تویتەر.

دادگای 28 ی ئستەنبوڵ ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری زیندانیکردنی ئۆغوز گوڤەن سەرنووسەری سەر ئنتەرنێتی ڕۆژنامەی جمهوریەت دا لەسەر نووسینێکی لەسەر تویتەر لە مانگی پـێنجدا.

ئۆغوز گوڤەن لە بارەی مەرگی داواکارێکی گشتی نووسیبوو، ئەوەی یەکەم کەس بوو سکاڵای لە دژی فەتحوڵڵا گولەن تۆمارکردبوو و پاشان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدابوو.

نووسیبووی مستەفا ئالپەری داواکارێکی گشتی هەرێمی دەنیزلی باشوری ڕۆژئاوای تورکیا " ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگر شێلاویەتی"، بەڵام پاش کەمتر لە یەک خولەک گۆڕیبووی بۆ " بەداخەوە لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبیلدا گیانی لەدەستداوە."

دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەو نووسینەیان بە هەڕەشەئامێز بۆ داواکارانی گشتی وڵاتەکەیان ناودێرکرد، هەرچەند لە پاش ماوەیەکی کورت سڕیبوویەوە.

پـۆلیس پاش چەند ڕۆژێک دەستیگیریان کرد و لە مانگی شەش ئازادیانکرد هەتا ئەمڕۆ کە دادگا بڕیاری زیندانیکردنەکەی بۆ دەرکرد.

جگە لە ئۆغوز گوڤەن، زیاتر لە 12 کارمەندی دیکەی ڕۆژنامەی جمهوریەت لە کەیسی دیکە دادگایی دەکرێن بە تۆمەتی ئەوەی لایەنگرانی گولەن دەستیان بەسەر ڕۆژنامەکەدا گرتبوو و لە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بەکاریانهێنابوو.

لە پاش هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016کە ئەنکەرە گروپی فەتحوڵڵا گولەنی پێ تاوانباردەکات، زیاتر لە 50 هەزار کەس دەستگیرکراون و خراونەتە زیندانەوە و هەروەها زیاتر لە 130 دەزگای ڕاگەیاند داخران.

XS
SM
MD
LG