Accessibility links

تورکیا 143 سەرباز و ئەفسەر بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو دادگایی دەکات


دادگایـیکردنی 143 سەرباز و ئەفسەر لە تورکیا دەسـتیپـێکردووە بە تاوانی بەشداریکردنیان لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو، ئەوەی بووە مایەی کوژرانی دەیان کەس.

دادگای سیلیڤری نزیک ئستەنبوڵ ئەمڕۆ دووشەممە پـرۆسەی دادگایـیکردنەکەی دەسـتپـێکرد و 135 سەرباز و ئەفسەر ئامادەی بەردەم داگاکە کران، بەڵام 8 سەربازەکەی دیکە هێشتا دەسـتگیر نەکراون. لە کۆی ئەو 143 کەسە لەشکریـیە 30 کەسیان ئەفسەرن.

بەپـێی لیستی تۆمەتەکانی ئاڕاستەی ئەم سەرباز و ئەفسەرانە کراوە کە وەک ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت لە هەزار لاپەڕە پـێکهاتووە، تۆمەتی کوشتن و هەوڵی نەهێشتنی پەرلەمان و حکومەتیان ئاڕاستەکراوە.

میدیاکانی تورکیا دەڵێن ئەگەربێت و تۆمەتەکانیان بەسەر ساغبێتەوە، ئەوا ڕەنگە هەریەکەیان حوکمی 37 ساڵ زیندانی بدرێن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، کودەتاچیـیەکان لەسەر پـردی سەر پوسفۆر تەقەیان لە خەڵکی سیڤیل کرد و ژمارەیەک کەسیان کوشت. لە پاش ئەمە ناوی پـردەکە کرا بە "پـردی شەهیدانی 15ی تەموز."

لە تەواوی هەوڵی کودەتاکە 249 کەس کوژران بێ لە کوژراوانی کودەتاچیـیەکان. ئیرول ئولچاک بەرپرسی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پارتی ئاکەپە و کوڕە تەمەن 16 ساڵەکەی کە لە خۆشەویستی ئەردۆغان و سەرۆکی پـێشوو عەبدوڵڵا گول ناوی نابوو "عەبدوڵڵا تەیب" لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

XS
SM
MD
LG