Accessibility links

کەناڵێکی تورکیا: 79 فەرمانبەری دیکەی پێشوو فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچووە


کەناڵی NTV ی تورکیا دەڵێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان فەرمانیان کردووە 79 فەرمانبەری پـێشووی کەرتی فێرکردن دەسـتگیربکرێن، ئەمانیش لەسەر کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ڕابردوو.

کەناڵەکە دەڵێت گومان دەکرێت ئەم فەرمانبەرانە ئاپی ByLock)) یان بەکارهێنابێت، ئەوەی حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەندامانی نێو تۆڕی فەتحوڵڵا گولەن بۆ پەیوەندی نهێنی نێوان خۆیان بەکاریانهێنابوو.

ئەم گۆمان‌لێکراوانە کاریان دەکرد لە خوێندنگە تایبەتەکان و ناوەندەکانی فێرکردنی کە لە لایەن پشتیوانانی گولەنەوە بەڕێوەدەبران.

دوێنێ سێشەممەش دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 63 کەسیان دەرکرد کە ژمارەیەکیان کارمەندی پـێشووی دەزگای هەواڵگری بوون، ئەمانیش تۆمەتبارکراون بەوەی گومانیان لێدەکرێت ئەندامی بزوتنەوەی گولەن بن.

جێی ئاماژەیە لە پاش هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 150 هەزار کەسیان لە کارەکانیان دەرکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 50 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە.

فەتحوڵڵا گولەن کە لە ئێستادا لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا نیشتەجێـیە، بە توندی ئەو ئیدیعایانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەو هەوڵی کودەتایە نەبووە.

XS
SM
MD
LG