Accessibility links

تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ 70 فەرمانبەری پـێشووی وەزارەتی دارایی دەردەکات


دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ 70 فەرمانبەری پـێشووی وەزارەتی دارایی دەرکردووە، ئەمەش بە تۆمەتی پەیوەندیـیان بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو.

بەپـێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناو تورکیا لە ئەمڕۆ پـێنجشەممەوە لە پـێنج پارێزگا دەسـتگیرکردنی ئەم فەرمانبەرانە دەسـتیپـێکردووە کە پـێشتر لە کارەکانیان دەرکراون.

دەڵێن ئەمانە ئاشکرابووە ئاپی ByLock ی مۆبایلیان بەکارهێناوە کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنرێت و پەیامەکان شفرە دەکات و سەختە هاکبکرێت. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن ئەم ئاپەیان بەکاردەهێنا.

فەتحوڵڵا گولەن، ئەو پـیاوە ئاینیە تورکەی کە لە ساڵی 1999 وە لە ئەمەریکایە، ئەنکەرە تاوانباری دەکات بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە، بەڵام گولەن ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

لەوەتای لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە درا، زیاتر لە 50 هەزار کەس دەسـتگیرکراون و بە لایەنی کەم 150 هەزار کەسی دیکە لە کارەکانیان دەرکراون یان ڕاگیراون.

ژمارەیەک لە وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم بارەیەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و دەڵێن دەسەڵاتدارانی تورکیا مەسەلەی هەوڵی کودەتاکە دەقۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن.

XS
SM
MD
LG