Accessibility links

ئاژانسێکی هەواڵ: دەسەڵاتدارانی تورکیا بەنیازن 189 پارێزەر دەسـتگیربکەن

  • VOA News

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو فەرمی تورکیا دەڵێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ 189 پارێزەر دەرکردووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بە تۆمەتی لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی لە ئەمەریکا دەژی و ئەنکەرە بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو تۆمەتباری دەکات.

ئانادۆڵو ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت پـۆلیسی دژە تێرۆر وا کاردەکەن بۆ دەسـتگیرکردنی ئەو پارێزەرانە کە لە 8 پارێزگای وڵاتەکەدان، لەوانە ئستەنبوڵ.

پـۆلیس هەتا ئێستا 78 پارێزەری دەسـتگیرکردووە. پـێدەچێت ژمارەیەکیان لەسەر ئەوە دەسـتگیرکرابن ئاپی ByLock ی مۆبایلیان بەکارهێناوە کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنرێت و پەیامەکان شفرە دەکات و سەختە هاکبکرێت. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن ئەم ئاپەیان بەکاردەهێنا.

لەوەتای لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوەوە هەوڵی کودەتا لەشکریەکە درا، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزکەی 50 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و هێشتا دادگایی نەکراون، هەروەها زیاتر لە 150 هەزار کەسی دیکە لە کارەکانیان دەرکراون یان ڕاگیراون.

XS
SM
MD
LG