Accessibility links

تورکیا زیاتر لە هەزار کەس دەسـتگیردەکات بە تۆمەتی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەنەوە

  • VOA News

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت زیاتر لە هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە بە گومانی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئیسلامی تورکی ئەوەی لە ئەمەریکا دەژی و ئەنکەرە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو تۆمەتباری دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا لە زاری سلێمان سڵۆیلو بڵاویکردەوە کە گوتویەتی هەڵمەتی دەسـتگیرکردنەکان لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە لە 81 پارێزگا دەسـتیپـێکردووە و بەردەوامە و هەتا ئێستا 1009 گومانبار لە 72 پارێزگا دەسـتگیرکراون. گوتیشی ئەمە هەڵمەتێـکی گرنگە بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی.

ئەم دەسـتگیرکردنانە پاش هەفتەیەک دێن لەوەی هەموارکردنی دەستوری وڵاتەکە پەسەندکرا لە ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەی مشتومڕێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

ئاژانسی ئانادۆڵو دەشڵێت نزیکەی 8500 پـۆلیس لە هەڵمەتەکە بەشداری دەکەن و تەنها لە ئستەنبوڵ فەرمانی دەسـتگیرکردنی 390 کەس دراوە.

ئەنکەرە فەتحوڵڵا گولەن بە نەخشە داڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو تۆمەتباردەکات و ڕێکخراوەکەی (بزوتنەوەی خزمەت) بە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی ناودێردەکات.

دەسەڵاتدارانی تورکیا چەندان جار داوایان لە ئەمەریکا کرد فەتحوڵڵا گولەنیان ڕادەسـتبکات، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئەم بڕیارە لە دەسەڵاتی دەزگای دادوەری ئەمەریکادایە.

XS
SM
MD
LG