Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی تورکیا دەڵێت نزیکەی 95 هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان دەرکراون


کاربەدەسـتێـکی تورکیا دەڵێت لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتەکەی، نزیکەی 95 هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان دەرکراون.

محەمەد موئەزن‌ئۆغڵو وەزیری کاری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە مێزگردێـکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی لە دوای هەوڵی کودەتاکە ڕێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر لە بەرامبەر 125 هەزار و 485 کەس و هەتا ئێستا 94 هەزار و 867 کەسیان لە کارەکانیان دەرکراون.

هەروەها نزیکەی 40 هەزار کەس کە پـێکهاتوون لە پـۆلیس و سەرباز و ئەفسەر و دادوەر و فەرمانبەر و مامۆستا دەسـتگیرکراون بە هەمان تۆمەت و لە ئێستادا دادگایی دەکرێن.

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەتحوڵڵا گولەن بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباردەکەن. ناوبراو پـیاوێـکی ئاینی تورکیـیە و لەوەتای ساڵی 1999 وە لە ئەمەریکا دەژی، بەڵام لایەنگری لە ناو وڵاتەکەیدا هەیە و حکومەت هەوڵ دەدات هیچیان لە نێو دامودەزگاکانی نەهێڵێت. بەڵام فەتحوڵڵا گولەن لای خۆیەوە ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە مەسەلەکەوە نیـیە و ئەو هەمیشە لە دژی کودەتای لەشکری بووە.

جێی ئاماژەیە لە هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، بە لایەنی کەم 240 کەس گیانیان لەدەسـتدا. کودەتاچیـیەکان بە هەلیکۆپـتەری جەنگیش تەقەیان لەو خەڵکە کرد کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی هەوڵەکەیان ڕژابوونە سەر شەقامەکان.

XS
SM
MD
LG