Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا تاووتوێی هەموارکردنی دەسـتوری دەسـتپـێکرد


پەرلەمانی تورکیا لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەسـتیکردووە بە تاووتوێکردنی پـرۆژەی هەموارکردنی دەسـتوری وڵاتەکەیان بە مەبەستی زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات، ئەمەش پاش ئەوەی کۆمیتەیەکی پەرلەمان پـرۆژەکەی پەسەندکرد.

بەپـێی پـرۆژەی هەموارکردنەکە، سەرۆکی وڵات دەتوانێت درێژەبدات بە پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ حزبەکەی، دەسەڵاتی دامەزراندنی و لابردنی وەزیرەکانی دەبێت و لەگەڵیدا جێـگیرێـک یان زیاتری دەبێت و دەتوانێت بڕیاری سەرۆکایەتی دەربکات.

هەروەها لە بەشێـکی پـرۆژەکە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە لە 550 پەرلەمانتارەوە بۆ بۆ 600 پەرلەمانتار زیادکراوە و تەمەنی مافی بوون بە ئەندامی پەرلەمان لە 25 ساڵەوە بۆ 18 ساڵ کەمکراوەتەوە.

حزبی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆن (جەهەپە) لەگەڵ حزبی هەدەپەی سەر بە کوردەکان لە دژی ئەم هەنگاوەی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدارن و بە هەوڵێـکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی دادەنێن بۆ قۆرغکردنی دەسەڵات. دەڵێن ئەگەربێت و دەستورەکە بەو شێوەیە هەمواربکرێت، ئەوا بۆی هەیە هەتا ساڵی 2029 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی وڵاتەکە بکات کە هەرچەندە لە ساڵی 2003 وە هەتا 2014 سێ جار پـۆستی سەرۆک وەزیری گرتبووە دەست.

بەڵام پارتی مەهەپەی ئۆپـۆزسیۆن کە 38 ئەندام پەرلەمانی هەیە، لەم هەنگاوە پشـتیوانی لە پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار دەکات کە خاوەنی 317 کورسیـیە لە پەرلەمان، بەمەش بە هەردوو پارتەکە 355 پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە شیانی پەسەندکردنی پـرۆژەکە لە پەرلەمان زۆرە.

بەپـێی یاساکانی پەرلەمانی تورکیا، پـێویستە 330 پەرلەمانتار هەموارکردنی دەستورەکە پەسەندبکات بەرەلەوەی بڕیاربدرێت بخرێتە بەردەم خەڵکی تورکیا تاوەکو لە ڕیفراندۆمێـکدا بڕیاری لەسەر بدەن.

چاوەڕوان‌دەکرێت بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە لە پەرلەمانی تورکیا مشتومڕبکرێت لەسەر بەرنووسی هەموارکردنی دەسـتورەکە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز، فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG