Accessibility links

تورکیا دەڵێت بوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە ئنچەرلیک بۆ ئەوان سوودی چیـیە

  • VOA News

جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی گومانی هەیە لەوەی بوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە بنکەی ئنچەرلیک لە باشوری وڵاتەکە سوودی هەبێت.

وەیسی کایان ڕۆژی پـێنجشەممە ئەمەی بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی خەبەر ڕاگەیاند و گوتی مەسەلەی بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی ئنچەرلیک لە لایەن ناتۆ و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە نێو کارنامەی حکومەتدایە.

لە لایەکی دیکە ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا گوتویەتی وڵاتەکەی مافی خۆیەتی لە هەموو کاتێـکدا بنکەی ئنچەرلیک دابخات.

تورکیا ناڕازیـیە لە ڕۆڵی هاوپەیمانێتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا و دەڵێت یارمەتی هێزەکانی تورکیا نادات لە ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە سوریا، ئەمەش لە کاتێـکدا بەردەوامە لە پـێشکەشکردنی پـشتیوانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەنکەرە ئەو هێزانە بە بەشێـک لە پارتی کرێکارانی کوردسـتانیان ناودێردەکات.

کۆلۆنێل جۆن دۆریان گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دوێنێ چوارشەممە گوتی لەگەڵ ئەنکەرە لە وتووێژدان بۆ چۆنیەتی پـێشکەشکردنی پـشـتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ ڕزگارکردنی شارۆچکەی ئەلباب لە داعش.

گوتیشی لەم دوایـیانەدا لەسەر داوای تورکیا بۆ پاڵپشتی هێزی ئاسمانی، فڕۆکەکانی ئەمەریکا بەسەر ئەلباب سوڕاونەتەوە بۆ نیشاندانی هێز، بەڵام هیچ بۆردومانیان نەکردووە.

XS
SM
MD
LG