Accessibility links

تورکیا گەورە بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی جمهوریەت دەسـتگیردەکات


دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی جمهوریـیەتیان دەسـتگیرکرد بە تاوانی ئەنجامدانی چالاکی تێرۆرستی.

پـۆلیسی تورکیا ئەمڕۆ هەینی ئاکین ئەتەلای لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئستەنبوڵ دەسـتگیرکرد پاش ئەوەی لە ئەڵمانیا گەڕایەوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردووش دادگایەکی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 9 ڕۆژنامەوانی ئەم ڕۆژنامەیەی گەورەترین حزبی ئۆپـۆزسیۆنی وڵاتەکە دەرکرد. ژمارەیەکیان دەسـتگیرکران و هەندێـکیان لە دەرەوەی وڵاتن.

ڕۆژنامەی جمهوریەت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕێبازێـکی ڕەخنەئامێزی گرتبووەبەر لە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار.

مانگی پـێنجی ڕابردوو جان دوندار سەرنووسەری پـێشووی جمهوریەت حوکمی 5 سـاڵ و 10 مانگ زیندانی درا بە تاوانی ئاشکراکردنی نهێنیـیەکانی دەوڵەت، ئەمەش پاش ئەوەی ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردبووەوە کە تیایدا نیشانی دەدا چۆن دەزگا هەواڵگریـیەکانی تورکیا بە نهێنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناو سوریا ڕەوانە دەکەن.

دوندار لە میانەی پـیاداچوونەوە بە حوکمەکەیدا بەرەو ئەڵمانیا هەڵهات. هاوسەرەکەی پاش چەند هەفتەیەک هەوڵی دابوو ئەویش بەرەو ئەڵمانیا بڕوات، بەڵام لە فڕۆکەخانەی ئستەنبوڵ ڕێگەی پێنەدرا و پاسپۆرتەکەیان لێ سەندەوە.

دوندار لە کاردانەوەی بەرامبەر ئەم ڕەفتارەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی گوتی ئەمەیە شەریعەتی دارستان، ئەوەتا هاوسەرەکەمیان بە بارمتە گرتووە. گوتیشی ناگەڕێتەوە بۆ تورکیا، چونکە بڕوای بە دادوەری وڵاتەکەی نەماوە و چوونە بەردەمی وەکو ئەوە وایە بە دەسـتی خۆت سەرت بخەیتە بەردەم قەنارەوە.

XS
SM
MD
LG