Accessibility links

تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 137 مامۆسـتای دیکەی زانکۆ دەدات


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

کەناڵێـکی تەلەفیزیۆنی لە تورکیا دەڵێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە فەرمانی دەسـتگیرکردنیان دەرکردووە بۆ 137 کەسایەتی دیکەی ئاکادیمی و مامۆستا زانکۆ، ئەمەش بە تاوانی پەیوەندی بە گروپی فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئاینی تورکیا، ئەوەی ئەنکەرە بە پـلانداڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت تاوانباری دەکات.

کەناڵی CNN Turk هەواڵەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیاند و دەڵێت داواکاری گشتی لە ئەنکەرە بڕیارەکەی داوە و هەتا ئێستا 31 کەس لەوانە دەسـتگیرکراون، بەڵام 22 کەسیان پـێدەچێت بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتبن.

بەر لەوەی سەنتەرەکانی فێرکردنی نزیک لە فەتحوڵڵا گولەن دابخرێن ئەم کەسایەتیـیە ئاکادیمیـیانە کە لە 16 شاری وڵاتەکە بوون، لەو سەنتەرانە کاریان کردبوو. هەموویان تاوانبارکراون بەوەی ئەندامی گروپی گولەنن و ئاپی پەیوەندیکردنی (Bylock) یان بەکارهێناوە، ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن کودەتاچیـیەکان لە هەوڵی کودەتاکەیاندا سوودیان لێوەرگرتبوو بۆ پەیوەندی نهێنی نێو خۆیان.

لە پاش هەوڵی کودەتاکە کاربەدەسـتانی تورکیا زیاتر لە 37 هەزار کەسیان بە فەرمی دەسـتگیرکردووە و 100 هەزار کەسی دیکەیان لە کارەکانیان ڕایانگرتوون یان لایانبردوون. لە نێو ئەم کەسانە ئەفسەری باڵای وڵاتەکە و دادوەر و ڕۆژنامەنووس و مامۆستا و پـۆلیس و سەرۆک شارەوانی هەن. بەشێک لەوانە هیچ پەیوەندیـیان بە گروپی فەتحوڵڵا گولەن یان هەوڵی کودەتاکە نیـیە.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بووەتە جێی نیگەرانی و ڕەخنەی زۆرێـک لە وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

XS
SM
MD
LG