Accessibility links

تورکیا 540 ئەفسەر و سەرباز لە لەشکری وڵاتەکەی لە کارەکانیان ڕادەگرێت


فیکری عیشق وەزیری بەرگری تورکیا
فیکری عیشق وەزیری بەرگری تورکیا

میدیاکانی ناو تورکیا دەڵێن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان 540 سەرباز و ئەفسەریان لە کارەکانیان ڕاگرتوون و زۆربەیان ئەفسەری هێزی ئاسمانی و دەریایـین، ئەمەش بە گومانی هەبوونی پەیوەندی لە نێوانیان و فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئاینی تورکی ئەوەی لە ئەمەریکایـە و تورکیا بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت تاوانباری دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆگان ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە زاری فیکری عیشق وەزیری بەرگری تورکیا بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی وەک بەشێـک لە لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بە گروپی گولەنەوە، بە شێوەیەکی کاتی 113 کەسیان لە هێزی دەریایی و 427 کەسی دیکە لە هێزی ئاسمانی لە کارەکانیان ڕاگیراون. گوتیشی 368 کەسیان ئەفسەرن.

پاشان گوتویەتی لە پاش هەوڵی کودەتاکە بە گشتی 3699 کەس لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەرکراون. نیوەی جەنەڕاڵەکانی بەر لە هەوڵی کودەتاکە کە لە خزمەتدا بوون لە ئێسـتادا دەسـتگیرکراون یان لە پـۆستەکانیان دەرکراون.

ئەم ڕاگەیاندنە پاش ڕۆژێـک دێت لەوەی تورکیا بۆ هەمان مەبەست 12801 کەسی لە هێزی پـۆلیسی وڵاتەکە لە کارەکانیان ڕاگرت، لەوانە 2523 کەسیان سەرۆکی پـۆلیس بوون.

لەوەتای لە 15 ی مانگی حەوتەوە هەوڵی کودەتاکە درا، دەسەڵاتدارانی تورکیا بە دەیان هەزار کەسیان لە کارەکانیان دەرکردووە یان ڕاگرتووە، هەر لە یەکەکانی لەشکر و پـۆلیس و کۆشکی سەرۆکایەتی هەتا مامۆستای قوتابخانەکان.

بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکان نزیکەی 32 هەزار هێشـتا دەسـتگیرکراون بە گومانی پەیوەندیـیان بە هەوڵی کودەتاکە.

XS
SM
MD
LG