Accessibility links

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت لەوەتای هەوڵی کودەتاکە 32 هەزار کەس دەسـتگیرکراون


وەزیری دادی تورکیا دەڵێت 32 هەزار کەس لە وڵاتەکەی دەستگیرکراون لەوەتای هەوڵی کودەتاکە درا و هێشتا ژمارەکە لە زیادبووندایە.

لە میانەی چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سەربەخۆی NTV ئەمڕۆ چوارشەممە ، بەکر بۆزداک گوتی ناوی 70 هەزار کەس دەرچووە و بە فەرمی 32 هەزاریان دەستگیرکراون لەوەتای هەوڵی کودەتاکە لە 15 مانگی حەوت.

گوتیشی ڕەنگە ژمارەی تری خەڵکی دەستگیربکرێن یان ئازادبکرێن، ئەوەش بە گۆیرەی ئەو بەڵگانە و زانیاریانەی بەردەست دەکەون لە میانەی لێـکۆڵینەوەکاندا.

باسی لەوەش کرد تورکیا خەریکی بونیادکردنی دادگایەکی تایبەتە لە قەراغ شاری ئەنکەرە بۆ دادگایـیکردنی گومانبارانی کودەتا شکستخواردووەکە.

تورکیا دەڵێت کەسایەتی ئیسلامی فەتحوڵڵا گولەن کە لە ئەمەریکا دادەنیشێت دەستی لە پلانگێڕانی کودەتاکە هەبووە کە بووە مایەی کوژرانی 270 کەس.

بۆزداک دەڵێت پـێویستە ئەمەریکا گولەن دەستگیربکات و ڕادەستی تورکیای بکاتەوە بە گۆیرەی ڕێککەوتننامەیەک کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

جێی ئاماژەیە دوابەدوای کودەتاکە زیاتر لە 50 هەزار کەس لە کارەکانیان دەرکراون کە بریتین لە کارمەندانی سیڤیل و لەشکری و پـۆلیس و دادگا و ماموستایان.

XS
SM
MD
LG