Accessibility links

کاربەدەسـتانی تورکیا: تەقینەوەی 2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی 219 کەسی لێدەکەوێتەوە


کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن 2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم بنکەی پـۆلیس لە دوو شاری تورکیا تەقیونەتەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 6 کەس کوژراون و 219 کەسی دیکە برینداربوون.

کاربەدەسـتێـک بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت یەک لە ئۆتۆمبیلەکان لە بەردەم بنکەیەکی پـۆلیس لە شاری وان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە پـۆلیسێـک و 2 کەسی سیڤیل کوژراون و بە لایەنی کەم 73 کەس برینداربوون کە 53 کەسیان سیڤیلن و 20 یان پـۆلیسن.

پاش چەند کاژمێرێـک ئۆتۆمبیلێـکی دیکە لە بەردەم بارەگای پـۆلیس لە شاری ئەلەزیز تەقیوەتەوە و لەوێش 3 پـۆلیس کوژروان و 146 کەس برینداربوون. 14 لەو بریندارانە برینەکانیان قورسە.

مەحمود واڕۆڵ جێگری سەرۆکی شارەوانی ئەلەزیز بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی خەبەر تورکی گوتووە تەقینەوەکە لە گۆڕەپانی بارەگای پۆلیس ڕوویداوە و چەند ئۆتۆمبیلێـکیش لە نزیک تەقینەوەکە ئاگریان گرتووە.

کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن پەکەکە لە پشـت ئەم تەقینەوانەیە کە بنکە و ئۆتۆمبیلی پـۆلیس تیایاندا دەکرێنە ئامانج. هەفتەی ڕابردوو جەمیل بایک گەورە فەرماندەی پەکەکە گوتی هێرشی سەر پـۆلیس لە شارەکان زیاتر دەکەن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پەکەکە بەرپـرسیارێتی خۆی لەم تەقینەوانە ڕانەگەیاندووە. بەڵام ئاژانسی دەنگ‌وباسی فورات نیوزی نزیک لە پەکەکە هەواڵی هەردوو تەقینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت تەقینەوەکەی بارەگای ئاسایش لە ئەلەزیز هێندە بەهێزبووە لە دوری 5 کیلۆمەترەوە دەنگەکەی بیستراوە. دەشڵێت بەپـێی گەواهیدەران 50 کەس کوژراون و هەر 5 نهۆمی بارەگاکە زیانیان پـێگەیشتووە. هەروەها ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا نیشان دەدرێت زیانێـکی زۆر بە بارەگاکە کەوتووە.

XS
SM
MD
LG