Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تاوانی هەوڵی کودەتاکە 10 کەسی بیانی دەسـتگیردەکەن


دەسەڵاتدارانی تورکیا بە لایەنی کەم 10 کەسی بیانیـیان دەسـتگیرکردووە بە تاوانی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەنەوە، ئەوەی لە ئەمەریکایە و تورکیا بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوت تاوانباری دەکات.

نوعمان کورتوڵموش جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بە لایەنی کەم چوار لەوانەی دەسـتگیرکراون و چاوڕێی دادگایـیکردن دەکەن، هاوکات یەکێـکیان ئازادکراوە. گوتیشی یەکێـکیان دەسـتگیرکرا کاتێـک ڕۆژی شەممە لە سوریاوە هاتبووە ناو وڵاتەکە. باسی لەوەش کرد هێشتا کەسێـکی بیانی گومانبار هەڵاتووە و دەسـتگیر نەکراوە.

کورتوڵموش هیچ زانیاری لەسەر ڕەگەزنامەی دەسـتگیرکراوەکان نەدا، بەڵام گوتی لەگەڵ قوڵبوونەوەی لێکۆڵینەوەکان شیانی هەیە ژمارەی زیاتری بیانی دەسـتگیربکرێن.

لەوەتای هەوڵی کودەتاکە شکستی هێناوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 18 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە کە زۆربەیان لە لەشکربوون. هەروەها دەیان هەزار کەسیش لە کارەکانیان لابراون یان هەڵپەسێراون. هەر لە وتاربێژی مزگەوتەکانەوە هەتا ناوبژیوانی یاریگاکان.

XS
SM
MD
LG