Accessibility links

حکومەتی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 47 ڕۆژنامەوانی دیکە دەدات


حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە دەسـتگیرکردنی ئەو کەسانەی بە کودەتاچی و لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن ناودێران دەکات و لە پاش ئەو 42 ڕۆژنامەوانەی ڕۆژی دووشەممە فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ دەرکردن، ئەمڕۆش هەمان فەرمانی بۆ 47 ڕۆژنامەوانی دیکە دەرکرد.

کاربەدەسـتێـکی حکومەتی تورکیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت لە چوارچێوەی هەڵمەتی حکومەت دژ بە لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانی دەسـتگیرکردنی47 ڕۆژنامەوان دەرچووە.

بەپـێی میدیاکانی ناو تورکیا ژمارەیەک سەرنووسەری پـێشوو لە نێو ئەوانەدان کە فەرمانی دەسـتگیرکردنەکەیان بۆ دەرچووە، لەوانە سەرنووسەری پـێشووی زەمان عەبدولحەمید بیلیجی و هەردوو سەرنووسەری پـێشووی (تودەی زەمان) سێڤگی ئاکارچەشمە و بۆلەنت کینیش و هەروەها فاروق ئاکان بەڕێوەبەری گشتی پـێشووی ئاژانسی دەنگ‌وباسی جیهان کە ئەویش سەر بە کۆمەڵە میدیای زەمانە، ئەوانەی سەر بە فەتحوڵڵا گولەنن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس لە زاری کاربەدەسـتێکی تورکەوە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی دەسـتگیرکردنی ئەم ڕۆژنامەوانانە زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە و بەدەسـتهێنانی زانیاریـیە لەسەر تۆڕی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن.

لەوەتای هەوڵی کودەتاکە درا و شکستی هێنا، زیاتر لە 60 هەزار کەس دەسـتگیرکراون یان لە کارەکانیان دەرکراون و یانیش بۆ لێکۆڵینەوە براون، لەوانە ئەفسەری لەشکری و پـۆلیس و دادوەر و پـرۆفیسۆر و مامۆستا و فەرمانبەر.

فەتحوڵڵا گولەنی تەمەن 75 سـاڵ کە کەسایەتیـیەکی ئاینی تورکیایە و لە ساڵی 1999 وە لە ئەمەریکا ژیان بەسەر دەبات، بە توندی نکوڵی دەکات لەوەی دەسـتی لە هەوڵی کودەتاکە هەبووبێت.

XS
SM
MD
LG