Accessibility links

تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 42 ڕۆژنامەوان دەدات


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی تورکیا دەڵێت دادگایەکی وڵاتەکەی فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 42 ڕۆژنامەوان دەرکردووە و هەتا ئێسـتا 31 کەسی ئەکادیمیایی دەسـتگیرکراون، ئەمانەش لەسەر کودەتا شکستخواردووەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆلۆ ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند دادگایەکی ئستەنبوڵ لەسەر داوای ئۆفیسی تایبەت تێرۆر و تاوانە ڕێکخراوەکان، ئەم بڕیارەی داوە و هەتا ئێسـتا 5 لەو ڕۆژنامەوانانە دەسـتگیرکراون.

خانم نەزڵی ئلیجاک نووسەری بەناوبانگ یەکێـکە لەو کەسانەی فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچووە. ناوبراو ڕەخنەگرێـکی توندی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە و هەروەها لە دژی هەڵوێستەکانی حکومەت بووە لە بەرامبەر فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئاینی تورکیا ئەوەی لە ئێسـتادا نیشتەجێی ئەمەریکایە.

بەپـێی ڕۆژنامەی سەباحی سەر بە حکومەت هەریەک لە ئەرکان ئاکار ئامادەکاری هەواڵ لە ڕۆژنامەی ئوزگور دووشونجە و ئەرکان ئاکوش پـێشکەشکاری بەرنامە لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی جان ئەرزینجان لە نێو ئەو ڕۆژنامەوانانەن کە فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ئانادۆلۆ لە هەواڵێـکی دیکەی ڕایگەیاند 31 ئەکادیمیایی لە ئستەنبوڵ و 4 پارێزگای دیکە دەسـتگیرکراون، لەوانە ژمارەیەکیان پـرۆفیسۆرن. هاوکات هێزەکانی ئاسایش 40 کەسیان لە ئەکادیمیای لەشکری بنکە لە ئستەنبوڵ دەستگیرکردووە.

لەوەتای هەوڵی کودەتاکەی شەوی 15 ی ئەم مانگە شکستی هێناوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا هەزاران کەسیان دەسـتگیرکردووە یان لە کارەکانیان لایانبردوون، لەوانە ئەفسەری باڵای لەشکری و دادوەر و بەرپـرسانی حکومی هەر لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی هەتا دەگاتە بنکەکانی پـۆلیس و ئاسایش، لەوانە سەدان لە پاسەوانەکانی کۆشـکی سەرۆکایەتی.

XS
SM
MD
LG