Accessibility links

حکومەتی تورکیا بە هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر لە کارەکانیان دەردەکات


حکومەتی تورکیا پاش ئەوەی بە هەزاران کەسی دەسـتگیرکرد بە تاوانی تێوەگلان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی شەوی هەینی ڕابردوو، وا ئێسـتا دەسـتیکردووە بە دەرکردنی هەزاران مامۆستا و فەرمانبەری لە کارەکانیان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵۆی فەرمی تورکیا دەڵێت وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەیان ڕۆژی سێشەممە بڕیاری داوە 15200 کارمەندی وەزارەتەکەیان لە کارەکانیان لابدرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بە تاوانی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەنەوە.

هاوکات ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستێـک لە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆی ئاشکراکردووە هەر ئەمڕۆ سێشەممە 21 هەزار مامۆستاش مۆڵەتی کارکردنیان لێ سەندراوەتەوە، واتە چیتر ناتوانن وەکو مامۆستا کاربکەنەوە.

دەزگای خوێندنی باڵاش داوای لە 1577 سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژکردووە داوای دەست لەکارکێشانەوەیان پـێشکەش بکەن.

لە ئۆفیسی سەرۆک وەزیریش 257 فەرمانبەر لە کارەکانیان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەسـتیپـێکردووە.

سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی بڕیاری داوە 492 مامۆستا و فەرمانبەری خۆی لە کارەکانیان ڕابگرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەوانە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی بۆ کاروباری ئاینی و 3 موفتی پارێزگا و 31 موفتی شارۆچکە و 187 وتاربێژی مزگەوت و 40 بانگبێژ.

لە ڕاگەیاندنێـکی دیکەی ئەم دەزگا ئاینیـیەی تورکیا فەرمان دراوە نوێژی مردووان بۆ کوژراوانی کودەتاچیـیەکان ئەنجام نەدرێت.

دەزگای هەواڵگریش ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند 100 کارمەندی لە کارەکانیان لابردووە.

کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن لەسەر کودەتا شکستخواردووەکە هەتا ئێستا نزیکەی 35 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە یان لە کارەکانیان دورخستوونەتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ لە جنێڤ بەیانـنامەیەکی دەرکرد و تیایدا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و یاسا و دەسـتوری وڵاتەکەی بگرێت و لەو چوارچێوەیە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکە بکات.

XS
SM
MD
LG