Accessibility links

تورکیا: ئەگەر ئەمەریکا لە مەسەلەی مەنبج دەسی‌دەسیمان پێبکات ئەوا خۆمان ڕێوشوێنی پـێوست دەگرینەبەر


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەگەربێت و ئەمەریکا دەسی‌دەسی بە وڵاتەکەی بکات لە مەسەلەی چۆڵکردنی شاری مەنبجی باکوری سوریا لە هێزەکانی یەپەگە، ئەوا تورکیا خۆی ڕێوشوێنی پـێوست دەگرێتەبەر.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە) گوتی ئەگەربێت و ئەو 90 ڕۆژە تەواوبێت کە لەگەڵ ئەمەریکایـیەکان لەسەری ڕێکەوتوون بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای مەنبج و هێشتا هێزەکانی یەپەگە لەو ناوچەیە مابنەوە، ئەوا تورکیا خۆی هەنگاوی پـێوست دەنێت.

گوتیشی هەروەها ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتیش هەنگاو نەنرێت بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی تورکیا، ئەوا لەو ناوچانەش ئەنکەرە خۆی ڕێوشوێنی پـێوست دەگرێتەبەر.

لە لایەکی دیکە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ قودرەت ئۆزەرسای وەزیری دەرەوەی قوبڕسی سەر بە تورکیا، گوتی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتان کاردەکەن بۆ نەهێشتنی یەپەگە لەسەر سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا. هەروەها ئەویش گوتی ئەگەربێت و ئەمەریکا دەسی‌دەسی بە تورکیا بکات لە مەسەلەی مەنبج، ئەوا تورکیا وەک پـێشتر دەیڵێتەوە" یان پاکی دەکەنەوە یان پاکی دەکەینەوە."

XS
SM
MD
LG