Accessibility links

تورکیا دەڵێت لانیکەم 58 ئەندامی هێزە کوردییەکانی لە سوریا کوشتووە


وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هێزەکانی تورکیا لە هێرشەکانییاندا بۆ سەر ئامانجە کوردییەکانی باکووری سوریا لانیکەم 58 ئەندامی هێزە کوردییەکانییان کوشتووە.

دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بینای وەزارەتی ناوخۆی تورکیای لە ئەنکەرە ڕاگەیاند، تورکیا ڕایگەیاند کە سەرجەم شوێنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد "یەپەگە" لە عێراق و سوریا "ئامانجی ڕەوای" هێرشەکانی تورکیا دەبن.

تورکیا دەڵێت هێرشبەرەکانی هێرشە خۆکوژییەکە خەڵکی سوریا بوون، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە ڕابەرایەتییان دەکات ئەوەی ڕەت کردوەتەوە.

لە دوای هێرشە خۆکوژییەکەوە تاوەکو ئێستا تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشی ئاسمانی و موشەکی کردووەتە سەر هێزە کوردییەکانی باکووری سوریا و عێراق، هاوکات ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشیشی لە ناوخۆی تورکیادا زیاتر کردووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە شوێنەکانی پەکەکە و یەپەگە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی درعی فوڕات و چڵە زەیتوون و بەهاری ئاشتی بە درێژایی شەوەکە بە توندی لێیاندراوە.ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوچانەی کە تورکیا پێشتر لەشکرکێشی سەربازیی تێدا ئەنجامداون.

وەزارەتە ڕایشیگەیاندووە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لانیکەم 14 ئەندامی هێزە کوردییەکانیان کوشتوە.

درەنگانێکی ڕۆژی هەینی وەزارەتەکە وتی سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی لە باکووری سوریا ئەنجام داوە و 15 ئامانجی هێزە کوردییەکانی کردووەتە ئامانج.

تورکیا یەپەگە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەپەگە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت و ڕۆڵێکی بەرچاوییان هەبووە لە دوورخستنەوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا و تاوەکو ئێستاش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکادا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانییان دژ بە داعش.

ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای لە ناوچەیەکی سوریا خستەخوارەوە کە نزیک بووە لە هێزەکانی ئەمەریکاوە، ئەوەش یەکەمین جار بوو ئەمەریکا فڕۆکەی یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بخاتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG