Accessibility links

ئاکەپە یەک لە دامەزرێنەرانی بۆ سەرۆکایەتی خۆی کاندید دەکات


بن‌عەلی یەڵدرم
بن‌عەلی یەڵدرم

پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتداری تورکیا ڕایگەیاند بن‌عەلی یەڵدرم یەک لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە و هەروەها وەزیر گواستنەوە و گەیاندن و هاتوچۆی دەریایی کاندیدکراوە بۆ گرتنەوەی شوێنی ئەحمەد داوود ئۆغڵو لە سەرۆکایەتی پارتەکەدا.

عومەر چەلیک گوتەبێژی پارتی ئاکەپە ڕۆژی چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند پاش کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکەیان لە بارەگاکەی لە ئەنکەرە.

چەلیک گوتی کاندیدکردنی یەڵدرم (تەمەن 60 سـاڵ)، پاش مشتومڕێکی زۆر لە نێو پارتەکەیان بڕیاری لەسەر دراوە. گوتیشی جگە لەوەی یەکێـکە لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە، هەروەها کەسێـکی سەرکەوتووە و لە خەڵکەوە نزیکە.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە یەڵدرم گوتی گرتنەدەستی سەرۆکایەتی پارتەکەی بۆ ئەو بەرپـرسیارێتیـیەکی گەورەیە و جێی شانازیـیەکی مەزنە.

چاوەڕوان‌دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەی ئاکەپە دەنگ بدرێت لەسەر پەسەندکردنی بن‌عەلی یەڵدرم وەکو سەرۆکی پارتەکەیان. ناوبراو نزیکەی 20 ساڵە پەیوەندی توندی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و بە کەسێـکی نزیکیشی دادەنرێت.

بەپـێی پەیڕەوی ناوخۆی ئاکەپە دەبێت سەرۆکی پارتەکە سەرۆکایەتی حکومەتیش بکات، واتە شوێنی ئەحمەد داوود ئۆغڵوش دەگرێتەوە لە پـۆستی سەرۆک وەزیریشدا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس لە ڕاپـۆرتێـکیدا لەم بارەیەوە دەڵێت یەڵدرم ئەویش وەکو ئەردۆغان زۆر بە توندی لە دژی دەسـتپـێکردنەوەی وتووێژەکانی ئاشتیـیە لەگەڵ پەکەکە. هەروەها ئەرکی سەرەکیشی هەوڵدان دەبێت بۆ گۆڕینی دەسـتور بە شێوەیەک کە تیایدا حوکمڕانی وڵاتەکە لە سیستەمی پەرلەمانیـیەوە بکرێت بە سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی زیاتر بخرێتە دەسـتی ئەردۆغانەوە.

XS
SM
MD
LG