Accessibility links

تورکیا بە ئەمەریکا دەڵێت ' هەنگاوی بەرجەستەی ' دەوێت لە سوید و فینلەنداوە


ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین
ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین

سەرۆکایەتی تورکیا وتی ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی تورکیا بە هاوتا ئەمەریکییەکەی وتووە تورکیا " هەنگاوی بەرجەستەی " دەوێت لە سوید و فینلەنداوە سەبارەت بە " ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی " ناو ئەو وڵاتانە، پێش ئەوەی تاوتوێی هەوڵەکانیان بکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا گوتی ڕۆژی دووشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین گفتوگۆیان لەسەر هەوڵەکانی سوید و فینلەندا کردووە بۆ چوونە پاڵ ناتۆ و هەروەها باسیان لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاش کردووە.

تورکیا دژایەتی هەوڵەکانی سوید و فینلەندا دەکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، دەڵێت ئەو دوو وڵاتە داڵدەی کۆمەڵە کەسانێکیان داوە کە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان ' پەکەکە ' و و ئەو گروپانەی دیکەوە هەیە کە تورکیا بە تیرۆریست ناوییان دەبات، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە سوید و فینلەندا لە ساڵی 2019 ەوە هەناردەکردنی چەکییان بۆ تورکیا ڕاگرتووە.

لە بەیاننامەکەدا سەرۆکایەتی تورکیا وتی کالین لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سۆلیڤانی وتووە ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت ببنە ئەندام لە ناتۆدا دەبێت " بەها و بنچینەکانی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هاوپەیمانێتییەکە لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بەکاربهێنن."

گوتیشی " جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت سوید و فینلەندا هەنگاوی بەرجەستە بنێن سەبارەت بەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی کە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا."

جێی ئاماژەیە دەبێت سەرجەم 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازی ببن لەسەر ئەوەی ئەندامی دیکە بێتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG