Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی کارمەندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەدات


دادگایەک لە ئستەنبوڵ سزای زیندانیکردنی بۆ سەر کارمەندێکی کونسولخانەی ئەمەریکا سەپاند بە تۆمەتی یارمەتیدانی تۆڕێک لە ئەنکەرە کە تۆمەتباردەکرێن بە هەوڵدان بۆ کودەتاکەی ساڵی2016.ئەم بڕیارە لەوانەیە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و تورکیا زیاتر بەروە ئاڵۆزی ببات.

دادگاکە ڕۆژی سێشەممە بڕیاری دا نازمی مەتە جانتورک کە ئەفسەرێکی ئاسایشی تورک بوو لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەئستەنبوڵ، بۆ ماوەی 5 ساڵ و دوو مانگ زیندانی بکرێت. دادگا فەرمانی نەکرد جانتورک دەستگیربکرێت، واتە ئازاد دەبێت هەتا دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری خۆی دەدات.

دادگاییکردنی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی و کارمەندانی کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە تورکیا بەشێکن لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی ئەندامی ناتۆ.

پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە پێشتر بەهۆی جیاوازی سیاسەتیانەوە لە سوریا و هەروەها کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکی ڕووسیا لە لایەن ئەنکەرەوە، کێشە و گرفتی تێکەوتبوو.

نیگەرانییەکان لەسەر پەیوەندیەکەیان لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هاتە ئاراوە پاش ئەوەی تورکیا سیستمی موشەکی S-400 ی تاقیکردەوە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی واشنتن.

جانتورک لە میانەی دادگاییکردنەکەی ڕەتیکردەوە شوێنکەوتووی فەتحوڵا گولەنی دانیشتووی ئەمەریکا بێت، ئەوەی لەلایەن تورکیاوە تاوانبارکراوە بە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016، ناوبراو وتی: کارەکەی ئەو پێویستی بە هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە.

ئەو وتی "بە فەرمانی بەڕێوەبەرەکەم، من ئەو کەسانەم بینی کە پێویست بوو وەک بەشێک لە کارەکەم دیداریان لەگەڵ بکەم و وتیشی ئەو کەسانەی لەو پۆستانەدا بوون، ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەن کە لەلایەن حکومەتەوە دیاریکراون." ئەو لە کاتێکدا کە دەنگی دەلەرزی وتیشی" بۆ من ڕێگایەک نەبوو بزانم ئایا ئەوانە تاوانبارن یان نا."

هاوسەر و کچی ناوبراو کە ئەوانیش تۆمەتبارکرابوون بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی گولەن، ئازادکران و تۆمەتەکەیان لە سەریان لابرا.

ئەوان وتیان لە سەرەتا دەستبەسەرکرابوون چونکە پۆلیس نەیتوانیوە مەتە جانتورک بدۆزێتەوە، بۆیە ماوەی 9 ڕۆژ دەستبەسەرکرابوون. هەروەها وتیشیان پێیان وتراوە ئەوان بەشێک لە لێکۆڵینەوەکە نین بەڵام دواتر لەگەڵ ئەودا ئەوانیش تاوانبارکراون.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن شوێنکەوتوانی گولەن واتە هاوپەیمانی پێشووی سەرۆک تەیب ئەردۆغان، دزەیان کردبووە ناو پۆلیس و دادوەری و سوپا و دەزگاکانی دیکە. تورکیا ئەو تۆڕە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناو دەبات و گولەنیش هەر جۆرە دەستوەردان و هەوڵێک بۆ کودەتاکەی ڕەتکردوەتەوە.

جانتورک سێیەمین کارمەندی کونسوڵخانەی ئەمەریکایه که تاوانباربکرێت. حەمزە ئولوجای بە تۆمەتی تیرۆر بە4 ساڵ و نیو زیندان سزادرا. مەتین تۆپوز، وەرگێڕی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاری مادە هۆشبەرەکانی ئەمەریکا لە کونسوڵخانەی ئستەنبوڵ، لە مانگی شەشدا بە تاوانی هاوکاریکردنی تۆڕی گولەن، سزای نزیکەی نۆ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.

چاودێران دەڵێن پەیوەندی نێوان ئەنکەرە و واشنتن لەوانەیە زیاتر تێکبچێت ئەگەر بێت و جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.

ئەم کێشانە و بە تایبەت کێشە سیاسیەکانی دیکە بووە بە هۆی دابەزینی زۆری بەهای لیرە ، کە چەندین جار لەم چەند مانگەی دواییدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG