Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی بۆ کارمەندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ دەرکرد


دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی زیاتر لە 8 ساڵی بۆ کارمەندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ دەرکرد بە تۆمەتی "یارمەتیدانی گروپـێکی تێرۆرستی"، ئەمەش بۆی هەیە گرژیـیەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە زیاتربکات.

بەپـێی ئاژانسی ئانادۆڵوی نیمچە فەرمی تورکیا، دادگای چاغڵایانی ئستەنبوڵ ئەمڕۆ پـێنجشەممە بڕیاری دا مەتین تۆپـۆز حوکمی زیندانی 8 ساڵ و 9 مانگ بدرێت بە تۆمەتی یارمەتیدانی کۆمەڵی سەر بە فەتحوڵڵا گولەن کە حکومەتی تورکیا بە گروپـێکی تێرۆرستی ناودێری دەکات و دەڵێت لە پشت هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 وە بووە.

مەتین تۆپـۆز کاری وەرگێڕی لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکرد و بەشێک لە پەیوەندیـیەکانی واشنتن و ئەنکەرەی ئەنجام دەدا بۆ نەهێشتنی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان، لە مانگی دەی ساڵی 2017 دەستگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتی تورکیا. بەڵام لە مانگی سێی ئەمساڵ داواکاری گشتی تۆمەتی سیخوڕیـیەکەی لەسەر لابرد و داوای کرد تەنیا 15 ساڵ زیندانی بکرێت. ئەگەر بە سیخوڕی تۆمەتباربکرایە ئەوا بۆی هەبوو سزای زیندانی هەتاهەتایی بدرێت.

بەڵگەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەسەر مەتین، ئەوەیە پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک لەو ئەفسەری پـۆلیسانە هەبووە کە لە هەوڵی کۆدەتاکە تێوەگلابوون.

بەڵام مەتین بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە دادگاکەی گوت لە چوارچێوەی کارەکەی و لەسەر ڕێنمای و چاودێری بەرپـرسەکانی لە کونسوڵخانە هەزاران پەیوەندی لەگەڵ309 کاربەدەست و کارمەندی پـۆلیس ئەنجامداوە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە تاوان.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگا و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی کاربەدەستانی ئەمەریکا چاودێری هەموو دانیشتنەکانی دادگایان کردووە و هیچ بەڵگەیەکی بڕواپـێکراویان نەبینیوە تۆمەتەکانی دژی مەتین پشتڕاستبکەنەوە.

باڵیوزخانەکە زۆر بە باشی باسی مەتینی کرد و نوسیوویەتی بۆ نزیکەی 30 ساڵ بە دڵسۆزانە کاری کردووە بۆ پاراستنی خەڵکی لە هەردوو وڵات. هیواشی خواست لە زووترین کاتدا بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە.

چاوەڕوان‌دەکرێت پارێزەرەکەی بە فەرمی تانە لە بڕیارەکە بدات و داوای پـیاداچوونەوەی پـیادابکاتەوە.

XS
SM
MD
LG